ژمارەیەک گەشتیاری عێراقی لەنێو فرۆکەخانەی بەغدا. فۆتۆ: هێڵی ئاسمانی عێراقی
راستەوخۆ بچۆ ئەڵمانیا
عێراق گەشتە راستەوخۆکانی بۆ ئەڵمانیا دەستپێکردەوە
ژووری هەواڵ
هێڵی ئاسمانی عێراقی دەستپێکردنەوەی گەشتە راستەوخۆکانی نێوان عێراق و ئەڵمانیای راگەیاند و ئەمڕۆ یەکەم گەشتی راستەوخۆ لە نێوان بەغدا و بەرلین ئەنجامدرا.
ئەمڕۆ هەینی 10.11.2023، مەناف عەبدول مونعیم بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عێراقی رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە گەشتە راستەوخۆکانی نێوان فڕۆکەخانەی بەغدا بۆ فڕۆکەخانەکانی ئەڵمانیا دەستیپێکردەوە و هەفتانە حەوت گەشت بۆ پێنج شاری ئەو وڵاتە بەردەست دەبن.
ئەو شارانەی ئەڵمانیا کە هاوڵاتیانی عێراق دەتوانن راستەوخۆ گەشتیان بۆ بکەن ئەمانەن: بەرلین و فرانکفۆرت و دوسلدۆرف و میونشن و کۆپنهاگن.
پێشتر وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق رایگەیاند، دووبارە بەگەڕخستنەوەی گەشتەکان بۆ ئەڵمانیا لە دوای هەوڵە بەردەوامەکانی وەزارەتەکە دێت بۆ هەڵگرتنی قەدەغە کە پێشتر بەسەر گەشتەکاندا سەپێنرابوو.