لە کۆمەڵگای چڕە

بەهۆی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لەلایەن منداڵێکەوە منداڵێکی دیکە گیان لەدەستدەدات

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

لە رووداوێکی هاتوچۆدا لە کۆمەڵگای چڕە منداڵێک ئۆتۆمبێلی لێخوڕیوە و خۆی کێشاوە بە دەرگایەکداو و بەهۆیەوە منداڵێکی دیکە گیانی لەدەستاوە و دانەیەکی تریش بریندار دەبێت.

شیمال حەمید، ئامۆزای ئەو منداڵەی گیانی لەدەستداوە بە 964ـی وت، ئەمرۆ ئامۆزایەکی ئیمە کە منداڵە و تەمەنی تەنیا حەوت ساڵە ئۆتۆمبێلی لێخوڕیوە و خۆی کێشاوە بە دەرگایەکدا، دەرگاکەش کەوتووەتە سەر دوو منداڵدا و یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و یەکێکیشیان برینداربووە.

وتیشی، ئەو منداڵەی گیانی لەدەستداوە تەمەنی شەش ساڵە و براوە بۆ پزیشکی دادی دهۆک و رەوشی منداڵە بریندارەکەش باشە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە کۆمەڵگای چڕە بە 964ـی وت، کاتژمێرێک پێش ئێستا رووداوەکە روویداوە و ئەو دەرگایەی منداڵەکە خۆی پێدا کێشاوە منداڵێکی دەست بەجێ کوشتووە و منداڵێکی دیکەی بریندار کردووە کە ئێستا لە فریاکەوتنی قەزای شێخانە و چارەسەری بۆ دەکرێت.

کۆمەڵگای چڕە سەر بە ناحیەی قەسرۆکە لە قەزای شێخان.

پێداچوونەوە: توانا نەقی