لە سلێمانی

مامۆستایان پشتگیریی داوای قوتابیانی پۆلی 12 ده‌كه‌ن

964+
دیلان محه‌مه‌د – سلێمانی

له‌ دووه‌م رۆژی گردبوونه‌وه‌ی قوتابیانی پۆلی 12ی سلێمانی، چه‌ند مامۆستایه‌ك هاتنه‌ ریزی قوتابییه‌كان و پشتگیریی داواكانیان ده‌كه‌ن.

ئه‌م به‌یانییه‌ قوتابیانی پۆلی 12 له‌ سلێمانی چوونه‌ به‌رده‌م په‌روه‌رده‌ی گشتی، دواتر به‌ره‌و شه‌قامی سالم و په‌روه‌رده‌ی رۆژئاوا به‌ رێپێوان رۆیشتن و شه‌قامه‌كه‌یان داخست.
قوتابیان داواكارییان له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ هه‌یه‌، كه‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌نهه‌جی خوێندنه‌، یان درێژكردنه‌وه‌ی كاتی خوێندنی ئه‌مساڵ.

هاوكات له‌گه‌ڵ قوتابیان، چه‌ند مامۆستایه‌كیش به‌شداربوون و پاڵپشتیی قوتابیان ده‌كه‌ن.

یه‌كێك له‌و مامۆستایانه‌ بۆ 964 قسه‌ی كرد و رایگه‌یاند، هاتوون ئاگایان له‌ قوتابییه‌كان بێت و بیانپارێزێن، هه‌روه‌ها پاڵپشتیی داواكانیان ده‌كه‌ن.

یه‌كێك له‌و قوتابیانی ناڕازی ده‌ڵێت، به‌م شێوه‌یه‌ ناچینه‌وه‌ بۆ هۆڵه‌كانی خوێندن و ناخوێنین، پێویسته‌ چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ی خوێندن بدۆزرێته‌وه‌.

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی كوردستان، دوێنێ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، نه‌ مه‌نهه‌ج كه‌مده‌كرێته‌وه‌ و نه‌ كاتی خوێندنی ئه‌مساڵ درێژ ده‌كرێته‌وه‌.

هه‌ر له‌ گردبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ندێك له‌ قوتابییه‌كان كتێبه‌كانیان سووتاند وه‌ك ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و به‌ده‌نگه‌نه‌هاتنی داواكارییه‌كانیان.

ئه‌مه‌ دووه‌م رۆژی له‌سه‌ریه‌كه‌ قوتابیانی پۆلی 12 له‌ سلێمانی گردده‌بنه‌وه‌.

داڕشتنه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

سلێمانی: قوتابیانی پۆلی 12 شه‌قامی

سلێمانی: قوتابیانی پۆلی 12 شه‌قامی "سالم"یان داخست