زیانەکانی چین؟

هۆشداری لە فستقی سوور و ترش دەدرێت

964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

فستقی سوور بەتامی ترش یەکێکە لە چەرەسە دڵخوازەکانی هەندێک لە هاوڵاتیان، بەڵام پسپۆڕێکی بواری خۆراک دەڵێت، زیانی تەندروستی هەیە و کاریگەری لەسەر گەدە دادەنێت.

د.سەلمان جاف پزیشکی کلینیکی خۆراک بە 964ی وت، “فستقی سووری خۆشکراو بە لیمۆندۆزی کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر تەندروستی مرۆڤ، لەبەر ئەوەی لیمۆندۆزی ماددەیەکی کیمیایی دروستکراوە، لە هەندێک کاتدا بۆ پاککردنەوە بەکاردەهێنرێت، بەڵام جۆرێکی دیکەی هەیە بە ترشی سماق خۆشدەکرێت ئەوەیان زیانی نییە”.

ئەو دکتۆرە ئەوەش دەڵێت، لە کاتی خواردنیدا بەشێوەی بەردەوام و بڕی زۆر کاریگەری لەسەر گەدە دروست دەکات، هەندێکجار برینی گەدە دروست دەکات، هاوکات ئەو رەنگە سوورەی دەکرێت بە فستقەکەوە لە ماددەی کیمیایی دروست دەکرێت، هەریەکەیان ئەگەری هەیە بچنە قاڵبی ژەهرەکانەوە، بە گشتی تەندروست نین.

لەسەر ئەم بابەتە هیوا ساڵی نوێنەری تەندروستی لە لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی بە 964ی وت، جۆرێکی فستق رەنگێکی سووری تۆخ و لیمۆندۆزی و نیشاستەی لێدەدرێت، لەبەر ئەوەی فستقێکی نا کامڵە و هەندێک جار کەڕو لێیداوە و کوالێتی نزمە و کۆنە، بۆیە بەمشێوەیە خراپ بوونەکەی دەشاردرێتەوە.

هیوا ساڵی ئەوشی وت، لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی لەهەر شوێنێکدا لەو جۆرە فستقە سوورە ببین دەستیبەسەردا دەگرن و خاوەنەکەی رووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە.

شارەزایی بواری تەندروستی دەڵێن، لە رۆژێکدا 30 بۆ 60 گرام چەرەس بەسودە بۆ جەستە بخورێت.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی

دهۆك به‌ 150 هه‌زار دارى فستقه‌وه‌ ركابه‌رى به‌رهه‌...

دهۆك به‌ 150 هه‌زار دارى فستقه‌وه‌ ركابه‌رى به‌رهه‌می توركی ده‌كات