ترەمپ بڕیار دەدات
دوای 21 کاتژمێر دانوستان؛ ئەمریکا و ئێران نەگەیشتنە رێککەوتن
وریا فەتاح
دوای زنجیرەیەک گفتوگۆی چڕ و درێژخایەن کە 21 کاتژمێری خایاند، دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بێ گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی کۆتایییان هات. جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە بەبێ واژۆکردنی هیچ رێککەوتنێک دەگەڕێتەوە واشنتن.
جەی دی ڤانس لە لێدوانێکدا دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکان ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی لە کاتی دانوستانەکاندا نەرمییەکی زۆری نیشان داوە و بە پێشنیارێکی سادە وەک “دوا ئۆفەر” هاتووەتە پێش، بەڵام تاران مەرجەکانی واشنتنی قبوڵ نەکردووە.
ڤانس وتی: “کەموکورتی لە گفتوگۆکاندا هەیە و پێویستە دڵنیایی روون لە ئێرانەوە ببینین کە بە دوای چەکی ئەتۆمیدا ناگەڕێت. ئێمە هێڵی سووری خۆمان کێشاوە و هەرچەندە نەگەیشتن بە ڕێککەوتن کارێکی باش نییە، بەڵام ئێران هەڵبژاردنی خۆی کرد.” هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە گفتوگۆی لاوەکی ئەنجامدراوە، بەڵام هیچ ئەنجامێکی کۆتایی لێ نەکەوتووەتەوە.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند کە چاوەڕوانی ئەوەیان نەدەکرد لە یەک خولدا بگەنە رێککەوتن. بەپێی راگەیەندراوەکەی تاران، گفتوگۆکان لەسەر 10 داواکاری ئێران و چەند خاڵێکی پێشنیارکراوی ئەمریکا بووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد کە “لە هەندێک خاڵدا لێکتێگەیشتن هەبووە، بەڵام لەسەر پرسی گەرووی هورمز و پرسە ناوچەییەکان و چەکى ئەتۆمى، ناکۆکییەکان بەردەوامن.” هەروەها ئاماژەیان بەوە کرد کە کەشێکی “بێ متمانەیی” بەسەر دانوستانەکاندا زاڵ بووە.
لەسەر ئاستی ناوچەیی، وەزیری دەرەوەی پاکستان داوای لە هەردوو لایەن کرد کە دوای شکستی ئەم گەڕەی دانوستانانە، پابەندی ئاگربەستە دوو هەفتەییەکە بن و دۆخەکە بەرەو گرژی زیاتر نەبەن.
سەرەڕای گەڕانەوەی شاندەکەی جەی دی ڤانس، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە پەیامێکی گەشبینانەدا رایگەیاند: “رێگەی دیپلۆماسی وەک ئامرازێکی هەمیشەیی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانمان بە کراوەیی دەمێنێتەوە.”