هاتوچۆی شارەکە چی دەکات؟

تابلۆی ژمارەی 23ی هەڵەبجە نەکراوە بە رووخساری ئۆتۆمبیلەکانییەوە

964+

محەمەد عومەر- هەڵەبجە

ساڵێک و شەش مانگە تابلۆی ژمارەی 23ی هەڵەبجە نەکراوە بە رووخساری ئۆتۆمبیلەکانی شارەکەوە، بە گوێرەی سۆراغی 964 بێت، رەنگە دەنگدان بە یاسای رێکخستن و بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەروازەی بۆ بکاتەوە.

له‌ تابلۆ نوێیەکان، هه‌ر پارێزگایه‌ك كۆدێكی تایبه‌ت به‌ خۆی پێدرا، که‌ پارێزگای هه‌ولێر ژمارە (22)، ‌پارێزگای سلێمانی ژمارە (21)، پارێزگای دهۆك ژمارە (24) و پارێزگای هەڵەبجەش ژمارە (23)ی پێدراوە، بە گوێرەی دوایین داتا ژمارەی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی كوردستان، گەیشتووەتە 2 ملیۆن، بەڵام هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە هیچ ئامارێکی لە بەردەستدا نییە.

ئەمڕۆ سێشەممە 31.10.2023، ئەنوەر قادر، بەڕێوەبەری هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە بە 964ی وت، نزیکی هەشت مانگ دەبێت، کە سەرجەم ئامادەکارییەکان کراوە بۆ دروستکردن و پێدانی ژمارە ئۆتۆمبێلی هەڵەبجە، بە کۆدی (23) و تەنانەت ئەو ئامێرەش کە تابلۆکان دروستدەکات هێنراوەتە هەڵەبجە.

بە وتەی بەڕێوەبەری هاتوچۆی هەڵەبجە بێت، کارمەند و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی تایبەت بەو بوارە ئامادەکراون، تەنیا ماوەتەوە سەر ئەوەی رەزامەندی بدرێت و لە مەراسیمێکدا کردنەوەی بەشەکە رابگەیەندرێت، ئەو وتیشی، “پاش کردنەوەی بەشەکە و پێدانی ژمارە ئۆتۆمبێلەکان، سەرجەم کارەکانی پەیوەست بە پێدانی ژمارە و نوێکردنەوەی ساڵانە، بەناوکردنی ساڵانەی ئۆتۆمبێل لە هاتوچۆی هەڵەبجەدا ئەنجام دەدرێت”.

بە گوێرەی سۆراغی 964 کە پشتی بەستووە بە لایەنە ئیدارییەکانی پارێزگاکە، هۆکاری راگرتنی پرۆسەی دابەشکردنی ژمارەی 23 ی هەڵەبجە، پەیوەندیدارە بە یەکلانەبوونەوەی کارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراقدا، کە بڕیارە لەگەڵیدا چەند فەرمانگەیەکی فیدڕاڵی لە هەڵەبجە بکرێنەوە، پاشتر تیمێکی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێدانی ژمارە ئۆتۆمبێلی هەڵەبجە رادەگەیەنن.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

رێگای سەیدسادق بۆ هەڵەبجە خاوێن کرایەوە

رێگای سەیدسادق بۆ هەڵەبجە خاوێن کرایەوە