خوشکەکەی نەقیب محەمەد: دوو ساڵە بە سوڵحی عەشایەری رازی نەبووین
964+
ژووری هەواڵ
ئەمڕۆ لە سلێمانی یەکەمین دانیشتنی دادگایی نەقیب محەمەد بەڕێوەچوو، ئەو ئەفسەرەی لە کاتی ئەرکەکەیدا لە سلێمانی کوژرا، خوشکەکەی دەڵێت ئێمە ئەرکی خۆمان بە جێگەیاند و بە سوڵحی عەشایەری رازی نەبووین، نۆرەی دادگایە کاری خۆی بکات.
نەقیب محەمەد لەتیف ئەفسەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان بوو، شەوی 4ی کانوونی یەکەمی 2021 لەگەڵ مەفرەزەیەک چوون بە هانای کێشەیەکی خێزانییەوە لە گەڕەکی تانجەرۆی شاری سلێمانی، بەڵام لە ماڵەکەوە تەقەیان لێکرا، نەقیب محەمەد گیانی لەدەستداو سێ پۆلیس بریندار بوون.
ئەوکات تۆمەتبارەکان دەربازبوون، بەڵام لە نیسانی ساڵی دواتر جێگری سەرۆکی حکومەت بە کەسوکاری نەقیب محەمەدی وت ”بکوژەکانی لە دەرەوەی هەرێمەوە دەستگیرکراون و هێندراونەتەوە”، ئەمڕۆش یەکەم رۆژی دادگاییەکە بوو کە سێ کەس تۆمەتباری سەرەکین.
ئاڵا لەتیف خوشکی نەقیب محەمەد لە فەیسبووکی خۆی نوسیوێتی ”زۆر کەس هاتنە بەر دەرگامان و داوای سوڵحی عەشایەرییان کرد، ئێمە رازی نەبووین.. دوو ساڵە بەهیواین بکوژەکان لە قەفەسی دادگادا ببینین… بە ئومێد و باوەڕەوە روو لە دادگا دەکەین کە دادپەروەری زاڵ دەبێت”.