لەلایەن ئاسایشەوە
سێ کەس لە کاتى فرۆشتنى 685 سکەى مێژوویى دەستگیرکران
دیلان محەمەد- سلێمانى
لە کاتى مەمەڵەى فرۆشتنى 685 سکەى مێژووى کە لە سنوورى شارەزوور دۆزرابوونەوە، سێ کەس لەلایەن هێزەکانى ئاسایشەوە دەستگیرکران.
عەقید کارزان شێرکۆ، وتەبێژى دەزگاى ئاسایشى هەرێم بە 964ـى وت،”هێزەکانى ئاسایش لەسەر بنەماى زانیارى پێشوەختە، سێ کەسیان دەستگیرکردووە کە سەرقاڵى مامەڵەى فرۆشتنى 685 سکەیى مێژوویى بوون و ویستویانە بینێرنە دەرەوەى وڵات”.
وەک ئەوەى باسى دەکات، ئەو سکانە پێشتر لە سنوورى شارەزوور لەلایەن ئەو کەسانەوە کە پیشەیان شوانە، دۆزراونەتەوە.
روونیشى کردەوە، ئەو کەسانە هیچ پێشینەیەکى تاوانیان نییە، بەڵام فرۆشتن و مامەڵەکردن بە کەلەپور و بابەتى مێژوویى تاوانە و یەکێک لە ئەرکەکانى ئاسایش پاراستنى شوێنەوار و ناوچە کەلەپورییەکانە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح