دادگایی تۆمەتبارانی کوشتنی نەقیب محەمەد سبەینێ بەردەوام دەبێت

964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی

دوای دوو تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر کوژرانی نەقیب محەمەد لە شاری سلێمانی لە کاتی ئەرکدا، ئەمڕۆ یەکەم دانیشتنی پڕۆسەی دادگایکردنی بکوژەکانی بەڕێوەچوو دادگاکەش بۆ سبەینێ چوارشەممە دواخرا.

4.12.2021 نەقیب محەمەد کە ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی خێزان بوو لە سلێمانی لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی بۆ جێبەجێکردنی فەرمانێکی دەستگیرکردن دەردەچن و لە کاتی ئەرکەکەیاندا لە لایەن تۆمەتبارەکەوە تەقەیان لێ دەکرێت و نەقیب محەمەد گیان لەدەستدەدات و دوانی تریش لە هاوڕێکانی بەناوی ئارام قادر و تەحسین عومەر بریندار دەبن.

ئەمڕۆ سێشەممە، یەکەم دانیشتنی دادگاییەکە بوو.

شۆخان شەریف، هاوسەری نەقیب محەمەد لە هۆڵی دادگاییەکە کاتێک بکوژانی هاوسەرەکەی بینی دەستی بە گریان کرد و رووی لەوان کرد و وتی، “بۆچی منداڵەکانمتان هەتیو کرد؟”.

ئەو وتی دوو کچی هەیە و یەکێکیان لە کاتی رووداوەکەدا لە سکیدا بووە، “نازانم هەر ئەوەندە هەواڵەکەم بۆ هات و زانیم، هیچ کاتێکیش ئێمە کێشەمان لەگەڵ کەس نەبووە”.

سێ تۆمەتبار لەسەر کوژرانی نەقیب محەمەد و بریدارکردنی هاوڕێکانی لە هۆڵی دادگا بوون و مادە یاساییەکەیان 406 بوو.

ئارام قادر، یەکێک لە بریندارەکان لەبەردەم دادوەردا وتی، “بە فەرمانێکی نەقیب محەمەد چووین بۆ شاخی گۆیژە بۆ گرتنی تۆمەتبارێک بەناوی یوسف، دواتر لەوێ نەبوو و چووین بۆ ماڵەکەی لە تانجەرۆ، کە گەیشتین ئۆتۆمبێلی پیکابێک دەرچوو و دوایکەوتین و پێمان وابوو یوسفە، بەڵام لایتەکانی کوژاندەوە و لێمان ون بوو و گەڕاینەوە بەردەم ماڵەکەیان و باوکی یوسف لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری ئۆپڵ دابەزی و تەقەی لێکردین”.

وتیشی، “من لە ئۆتۆمبێلەکە دابەزیم و دوو گولە بەر بڕبڕەی پشتم کەوتوون و دواتر زانیم نەقیم محەمەد کوژراوە”.

ئامینە عومەری دایکی نەقیب محەمەدیش لە هۆڵی دادگاییەکە بوو، بە گریانەوە وتی، “داوای یاساییم لەسەر هەموو ئەوانە هەیە تەنانەت داوام لەسەر ژنەکەی یوسفیش هەیە”.