دەڵێن بۆ نوشتە و جادووە

بەشێوەیەکی نامۆ کلکی پشیلەکانی باخی گشتی دەبڕدرێن

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قسەیەک بڵاوبووەتەوە دەڵێن لە باخی گشتی سلێمانی چەند پشیلە بینراوە کە کلکیان بڕاوە، دەشڵێن ئەمە بۆ نوشتەو جادوو بەکاردێت، نەک هەر ئەوە بەڵکو لە شوێنی تر قاچ و دەستی سەگیش بڕدراوە.

یەکێک لە ڤیدیۆکان کەسێک بڵاویکردووەتەوە بەناوی  دیاری حەسەن، چالاکوان و ئاژەڵە دۆستە لەتیکتۆک ڤیدیۆی پشیلەیەکی بڵاوکردبووەوە و دەڵێت، چەند کەسێکن ئەم کارە دەکەن و کلکی پشیلەکان دەبڕن بۆ جادوو.

دیار حەسەن بە 964ی وت ”چاودێرێکی باخی گشتی پێی وتم کە تازە کلکی پشیلەکە بڕدراوە، چونکە کە گەیشتونەتە سەری برینەکەی تازە بووە.. جاری دیکە ئەو حاڵەتە لە شوێنی دیکەش بیندراوە و کلکی پشیلەکە بۆ مەبەستی جادو و نوشتە بەکاردەهێندرێت”.

دیار دەشڵێت ”نەک هەر ئەوە بگرە کەسانێک بۆ هەمان مەبەست قاچ و دەستی سەگیش دەبڕن”.

شادی عەلی، سەرۆکی رێکخراوی ئاژەڵدۆستانی هانا لە شاری سلێمانی بە 964ی وت، لەناو پارکی ئازادی و چاڤیلاندیش ئەو حاڵەتانە بوونیان هەیە و دەڵێت، “لە کاتی بڕینی کلک یان قاچی سەگدا خەڵکمان بینیووە و وتویەتی بۆ نووشتە و جادو بەکاری دەهێنن”.

سەبارەت بەو پشیلە کلکبڕاوەی ناو باخی گشتیش وتی، “ئەو پشیلەیەی وای لێکراوە هی باخی گشتین، چونکە ئێمە پشیلەی شوێنەکان دەناسینەوە، بەڵام زۆر ماڵین و بە ئاسانی دەچنە لای هەرکەسێک و رەنگە برابێتە دەرەوەی باخەکە و وای لێکرابێت”.

باخی گشتی کەوتووەتە سەرەتای شەقامی سالمەوە لە شاری سلێمانی و بەرامبەر هۆتێل سلێمانی پاڵاس و قایمقامیەتی شارەکەیە.

بەڵام بەرپرسانی باخی گشتی ئەوە رەت دەکەنەوە کە لەناو باخەکە شتی وا کرابێت، عەباس کەریم ئەمین، لێپرسراوی هۆبەی باخی گشتی سلێمانی بە 964ی وت، “ئەوە راست نییە ئەو پشیلەیە لەناو باخی گشتی سلێمانی وای لێکرابێت، بەڵام لە دەرەوە وایلێکراوە و هێندراوەتەوە ناو باخی گشتی”.

وتیشی، “ئێمە چەندان چاودێرمان لەناو باخی گشتی هەیە و لە کەس قبوڵ ناکرێت ئەو کارە بکات و رووبەروی یاسا دەکرێتەوە”.