دڵیان پڕ دەبێت

خۆشەویستى دوو خوشک بۆ باوکیان

دیلان محەمەد- سلێمانى

دەوترێت هیچ پیاوێک تامى راستەقینەى خۆشەویستى ناکات تا کچى نەبێت، ئەمە رێک بۆ ئەو ساتە راستە کە دوو خوشک بۆ پەیامنێرى 964 قسە دەکەن و لە رۆژى جیهانى باوکان، خۆشەویستى خۆیان بۆ باوکیان دەردەبڕن.
دالیا و لەنیا نازم کە دوو خوشکى دانیشتووى چەمچەماڵن، لە رۆژى جیهانى باوکان قسەیان بۆ 964 کرد و وەک ئەوەى باسى دەکەن، هیچ خۆشەویستییەک ناگات بە خۆشەویستى باوکیان.
ئەو دوو خوشکە، پێکەوە دەڵێن،”باوکمان قەت دڵى نەشکاندوین، ئێمەش قەت دڵى ناشکێنین، ئەوەى ویستبێتمان بۆی کردوین”.
خۆشەویستى ئەو دوو کچ و باوکە هاوڕێیانەیە، بەوتەى لەنیا، هەر قسە و دەردەدڵێک هەبێت لاى باوکیان دەیکەن.
لە کاتى تۆمارکردنى قسەکاندا، تەلەفون بۆ باوکیان دەکەن و پێکەوە دەڵین،”باوکە گیان خۆشمان دەوێى”، بەڵام باوکیان دڵى پڕ دەبێت و هیچى بۆ ناوترێت.
“ئەوکاتانەى باوکم دەچێتەوە بۆ دەوام، ماڵەوەمان کشت و ماتە تا دێتەوە”، دالیا واى وت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح