پارەشی وەرگرتووە

یاریزانێکی پیشەگەر لە یانەی نەورۆز هەڵاتووە

+ 964
یادگار محەمەد – سلێمانی

یاریزانێکی پیشەگەری یانەی وەرزشیی نەورۆز، بەبێ ئاگادارکردنەوە یانەکەی جێدەهێڵێت.

ئیبراهیم تۆمیوا یاریزانی پیشەگەری نەیجیری لە ریزی یانەی و نەورۆز، رۆژێک پێش ئەنجامدانی یەکەم یاری لە خولی عێراق، دوای وەرگرتنی سێ موچە و بەبێ ئاگادارکردنەوە، ریزی یانەکە جێ دەهێڵێت و دەگەڕێتەوە وڵاتەکەی.

جێگر عەبدوڵا سەرپەرشتیاری تۆپی پێی یانەی نەورۆز بە 964ـی وت، بەداخەوە هەواڵەکە راستە و ئەو یاریزانە بەبێ ئاگادارکردنەوەی ئەوان، یانەکەی جێهێشتوە و گەڕاوەتەوە نەیجیریا.

وتیشی، سەبارەت بەو کارەکەی کە تۆمیوا بەرامبەر یانەکەیان ئەنجامی داوە، ئەوان وەک یانەی نەورۆز لەلای فیدراسیۆنی عێراق سکاڵایان لەسەر یاریزانەکە تۆمارکردووە و لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانیشی لە پەیوەندیدان.

بە مەبەستی دروستکردنی پێکهاتەیەکی بەهێز بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی نەورۆز بۆ ماوەی ساڵێک، گرێبەستی لەگەڵ ئیبراهیم تۆمیوا یاریزانی پێشووی یانەی پراچواپی تایلەندی واژۆ کرد.

نەورۆز لە یەکەم یاریی ئەم وەرزەدا پێنجشەممە لە ناو بەغدا بە دوو گۆڵی بێ بەرامبەر لە یانە زەوڕای بردەوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

یانەی نەورۆز بە گۆڕانکاریی گەورەوە بەشداری خولی عێراق ...

یانەی نەورۆز بە گۆڕانکاریی گەورەوە بەشداری خولی عێراق دەکات