دەزگای ئاسایشی هەرێم:

“ئارامگەی پیرەمێردی شاعیر نەشێوێندراوە”

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئارامگەی پیرەمێردی شاعیر لە سلێمانی نەشێوێندراوە و بەڵکو بەهۆی ساردی و گەرمی کەشوهەواوە وێنەکەی کەوتووەتە خوارەوە و چیتر نەبووە.

دەزگای ئاسایشی هەرێم – سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە 21.3.2026 لە بارەی هەواڵی شێواندنی گۆڕەکەی پیرەمێردی شاعیر ئەم روونکردنەوەی بڵاوکردەوه‌:

دەزگای ئاسایشی هەرێم رایدەگەیەنێت، سەرجەم ئەو هەواڵانە دوورن لەڕاستییەوە لەسەر شێواندنی ئارامگەی (پیرەمێرد)ی شاعیر بڵاوکراوەتەوە .

لەپاش لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، بۆ ئارامگەی پیرەمێردی شاعیر و کۆکردنەوەی بەڵگەکان و کامێرای چاودێری سەلمێنەری ئەوەیە کە ئەو هەواڵە دوورە لەڕاستییەوە و تەنیا وێنەی شاعیری گەورەی کورد کە بە شێوەی لکاندن بە کێلی قەبرەکەی شاعیرهوه هەڵواسرابوو، لە ئەنجامی ساردی و گەرمی کەشوهەوا کەوتووەتە خوارەوە.

پێویستە دەزگاکانی راگەیاندن بەرپرسانەتر مامەڵە و هەڵسوکەوت بەرامبەر ئەم جۆرە هەواڵانە بکەن.