تەنیا %10ی کارەکانی ماوە تەواو بکرێت

9 ساڵە کارکردن لە قوتابخانەیەکی بازیان وەستاوە

964+
هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

نۆ ساڵە باڵەخانەی قوتابخانەیەک لە بازیان بەتەواونەکراوی جێهێڵدراوە، ئەگەرچی بەرپرسانی کەرتی پەروەردەی ناوچەکە دەڵێن، تەنیا %10ی کارەکانی ماوە تەواو بکرێت.

قوتابخانەکە 18 پۆلیە، لە ساڵی 2012 بەردی بناغەی بۆ دانرا، دوو ساڵ کارکردن تیایدا بەردەوام بوو، بەڵام لە ساڵی 2014-ەوە کارکردن لە قوتابخانەکە وەستاوە.

رێبوار مەجید مامۆستایە لە بازیان بە 964-ی وت، “ساڵانی پێشوو حکومەتی هەرێم بڕیاریدا بوو، هەر پڕۆژەیەکی تەواو نەکراو کەمتر لە ملیارێک دیناری پێویست بێت، پارەی تەواوکاری بۆ خەرجدەکرێت، بەڵام ئەو قوتابخانەیە هەر تەواو نەکرا”.

بەوتەی ئەو مامۆستایە ئەگەر قویابخانەیە تەواو بکرێت کێشەی دوو قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندییەک چارەسەر دەبێت کە بەو سێ قوتابخانەیە نزیکەی سێ هەزار قوتابیان هەیە

ئیسماعیل ئەحمەد قایمقامی بازیان بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، “لە هەوڵداین گرفتی تەواونەکردنی ئەم قوتابخانەیە چارەسەر بکەین، کۆمپانیای جێبەجێکار پارەیەکی زۆری لای حکومەتە، هەوڵدەدەین کۆمپانیاکە رازی بکەین بۆ ئەوەی تەواوی بکات یان کۆمپانیایەکی دیکە ئەو کارە لە ئەستۆ بگرێت و ئەو رێژە کەمە تەواو بکات”.

964 قسەی لەگەڵ سابیر حەمەڕەحیم بەڕێوەبەری کۆمپانیای خاڵخاڵان کە کۆمپانیای جێبەجێکاری قوتابخانەکەیە کرد ئەو وتی، “ئێستا من قەرزاری بازاڕم پارەی پێداویستی بینام لەسەرە، لە 16.2.2022 بڕیاری سەرفکردنی سلفەیەکی 212 ملیۆنیمان هەیە، کەچی ناماندەنێ، ئەگەر ئێستا ئەو پارەیە وەربگرم، چونکە دۆلار گران بووە سەروو 50 ملیۆن دینارم زەرەرە”.

سابیر حەمەڕەحیم ئەوەشی وت، “پارەمان بۆ خەرج بکەن سبەی دەستدەکەیەنەوە بە کارکردن”.

قەزای بازیان نزیکەی 30 هەزار قوتابی و 3000 مامۆستای هەیە

کۆی پارەی تەرخانکراو بۆ قوتابخانەکە، بڕی دوو ملیار و دووسەد و بیست و حەوت ملیون دینارە، بەڵام تەنیا بەشێکی ئەو پارەیە سەرف کراوە، ئەمەش بەپێی وتەی بەڕێوەبەری کۆمپانیای خاڵخاڵان.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی

ئەگەر لە بازیان نەخۆشکەوتی نەچیتە بنکە تەندروستییە حک...

ئەگەر لە بازیان نەخۆشکەوتی نەچیتە بنکە تەندروستییە حکومییەکان