ئاسایش راگەیەندراوی بڵاوکردەوە

لە سلێمانی و دەوروبەری “حەوت داعش” دەستگیرکران

ئەحمەد مستەفا

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی “حەوت چەکدار و تیرۆریستی داعش”ی راگەیاند، کە دەڵێت، لە سنووری سلێمانی و دەوروبەری خۆیان حەشارداوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایشی سەر بە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکەیان ئەمشەو 18.8.2026 راگەیەندراوی بڵاوکردەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری توانیویانە “حەوت تیرۆریستی داعش”ی داواکراوی دادگاکانی عێراق بە ماددەی(4)ی تیرۆر کە لە سلێمانی و دەورووبەری خۆیان حەشاردابوو دەستگیربکەن.

دەزگای ئاسایش دەڵێ، داواکراوان لە رابردوودا چەکداری گرووپی تیرۆریستی داعش بوون، ئەمڕۆ 18.8.2026، سەرجەمیان رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ کراون، ئەوەش بەپێی تایبەتمەندی شوێنی تاوان و تەواوکردنی رێکارەکانی لێکۆڵینەوە.

ماددەی چوار

ماددەی چواری تیرۆر (المادة 4 إرهاب) بەشێکە لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عێراق (ژمارە 13ی ساڵی 2005)، کە تایبەتە بە دیاریکردنی سزای ئەو کەسانەی کار یان تاوانی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، ئەم ماددەیە بە یەکێک لە توندترین و ناسراوترین ماددە یاساییەکانی عێراق دادەنرێت و راستەوخۆ دەستنیشانی سزای سێدارە یان زیندانی هەمیشەیی دەکات بۆ تۆمەتباران.

ئامانجی ئەم ماددەیە ئەوەیە کە نەک تەنیا ئەو کەسەی چەکەکەی بەدەستەوەیە سزا بدرێت، بەڵکو تەواوی ئەو تۆڕ و زنجیرەیەی هاوکاریی کارە تیرۆریستییەکە دەکەن (لە پارەدارکردنەوە تا شاردنەوەی زانیاری) رووبەڕووی توندترین سزا ببنەوە بۆ بنبڕکردنی تیرۆر.