لەلایەن ICAO پەسندکراوە
عێراق نوسینگەی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی لە تورکیا کردەوە
964+
فەهمی نەبی
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند نوسینگەی پاسپۆرتی ئەلیکیترۆنیان لە باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا کردووەتەوە و ئەمڕۆ یەکەم پاسپۆرتیان بۆ گەنجێکی عێراقی تەواوکردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ماجید ئەلجەماوی بالیۆزی عێراق لە تورکیا رایگەیاندووە، سیستمی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی بە وردبینیەکی زۆرەوە کاری لەسەر کراوە، بەجۆرێک لەلایەن رێکخراوی فڕۆکەوانی مەدەنی جیهانی ICAO پەسند کراوە.
ئەوەشی وتوە، پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی بەرێژەی %85 رێکارەکانی بەکارهێنانی کاغەزی کەمکردووەتەوە و لەرووی کاتەوە هاوڵاتیان بە ماوەیەکی زۆر کورت دەبنە خاوەنی پاسپۆرت.
شەوى 6.3.2023، لهبهغدا به شێوهیهكی فەرمی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی ناسێندرا و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش یەکەم کەس بوو کە پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی وەرگرتەوە.
پرۆسەی دەرهێنانی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی بە شێوەی ئۆنڵاین سەرەی بۆ دەگیرێت، لە ماوەی یەک رۆژدا دەردەچێت و تێچووەکەی 91 هەزار دینارە.
ماجید ئەلجەماوی بالیۆزی عێراق لە تورکیا دەڵێت، پرۆسەی دەرهێنانی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی لە بالیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە و لە کونسوڵخانەی عێراق لە غازی عەنتاب ئەنجامدەدرێت و هەموو هاوڵاتیەکی عێراقی دانیشتووی تورکیا، دەتوانێت پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی دەربهێنێت.