رێگاکەیان چاک کرد

گوندێک خۆیان فریای خۆیان کەوتن

محەمەد عەلی ــ پشدەر

دانیشتووانی گوندی گیرە لە قەزای پشدەر لەسەر ئەرکی خۆیان رێگای گوندەکەیان نۆژەن کردەوە، ماوەی سێ رۆژیان پێچوو، خەرجی و دەستی کاریش هەر خۆیان بوون.

گوندی گیرە 18 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری قەڵادزێوە دوورە و دانیشتووانی ئەو گوندە زیاتر لە 15 ماڵن و خەڵکەکەی بە کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە خەریکن.

ئازاد گیرەیی، گوندنشینە و بە 964ی راگەیاند، زۆریان داوا کرد رێگاکەیان بۆ چاک بکرێت، بەڵام وەڵام نەدراونەتەوە، بۆیە خۆیان دەستیان داوەتێ و ویستوویانە بەر لە وەرزی بارانبارینی تەواوەتی رێگاکەیان چاک بکەن.

رێگاکە 100 مەتر بووە، بەڵام هەوراز و سەخت بووە، بڕی پێنج ملیۆن دیناری تێچووە.

“توانیمان بە سێ رۆژ رێگاکە چاک بکەین، چیمەنتۆمان کردووە و رێڕەوی ئاوەڕۆشمان هێشتووەتەوە”، ئەوە قسەی عەبدوڵا حسێن، موختاری گوندی گیرەیە بۆ 964.

وتیشی، “تێچووەکەی لە لایەن دانیشتووانەکەیەوە دابین کراوە و کارەکەش بە هەرەوەزی کراوە”.

موحسین حسێن بەڕێوەبەری ناحیەی هێرۆ بە 964ـی وت، “خەڵکی ئەو گوندە سەردانی ئێمەیان نەکردووە بۆ چاکردنی رێگایەکەیان کاتێک زانیمان ئەوان بە ئەرکی خۆیان هەستابوون، دەستخۆشیمان هەیە وەک و دڵسۆزی و خێرخوازی بەو کارە هەستاون و سەردانمان کردوون و دەستخۆشیمان لێکردوون.

وتیشی، هاوشێوەی ئەو گوندە گوندی تریش هەبوون کە خۆیان گرفتی رێگاکەیان چارەسەر کردووە، هەشیانبووە ئاگاداریان کردووینەتەوە و بۆمان چارەسەر کردوون.

بەڕێوەبەری ناحیەی هێرۆ ئاماژەی بەوەشکرد، لە 964ـەوە رایدەگەیەنین کە گوندنشینانی سنوورەکە لە حاڵەتی وەهادا پێشتر ئاگادارمان بکەنەوە بۆ ئەوەی هاوکار بین، بەتایبەت کە بەرەو زستان دەڕۆن و وەرزی بارانە و زیاتر رێگاکان پێیویستیان بە چارەسەر کردنە.

+964صورة من منصة (شبكة):

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد