ئەڵمانیا: گەشت مەکەن بۆ عێراق و لە کوردستانیش ئاگاتان لە خۆتان بێت
964+
ژوورى ههواڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا خەڵکی وڵاتەکەی ئاگادارکردووەتەوە کە تا دەتوانن گەشت نەکەن بۆ عێراق، لە کاتی پێویستیش بچن بۆ هەرێمی کوردستان، بەو مەرجەی لەوێش ئاگاداری خۆیان بن.
ئەمڕۆ لەسەر وێبسایتی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ئەم رێنماییە بۆ ئەڵمانییەکان بڵاوکراوەتەوە، تیایدا هاتووە: هێشتا بارودۆخی عێراق ئارام نییە، ئەو ئەڵمانیانەی لەوێن دەبێ چاودێری بارودۆخەکە بکەن و لە کاتی پێویست زوو ناوچەکە جێبهێڵن.
لە ناو هەموو شارەکانیشدا زیاتر جەخت لە ئەنبار و دیالە و کەرکوک و نەینەوا سەلاحەدین و باکوری بابل کراوەتەوەو بە ناوچەی مەترسیدار حیساب کراون.
سەبارەت بە بەغدا دەڵێت بارودۆخی بەغدا باشترە، بەڵام هێشتا مەترسی ماوە و کردەوەی توندوتیژی و رفاندن بەردەوامە، ”فرۆکەخانە سەلامەتترە بەڵام، ئەوێش پارێزراو نییە”.
لە رێنماییەکاندا بە روون و رەوانی ناوی هەرێمی کوردستان هاتووە و ئاماژە بەوە کراوە ”دۆخی ئەمنی هەرێمی کوردستانی عێراق (پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر و سلێمانی/هەڵەبجە) بە ناجێگیری ماوەتەوە، مەترسی هێرشی تیرۆریستی هەیە.. ناڕەزایی دژی حکومەت هەیە، بۆیە لەکاتی پێویست گەشت بکەن بۆ ئەوێ، بەڵام بە ئاگاییەوە”.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا چەند رێوشوێنێکی بۆ خەڵکی وڵاتەکەی لە عێراق پێشنیار کردووە، لەوانە:
– نزیک مەکەونەوە لە دامەزراوە ئەمریکییەکان
– لە خۆپیشاندان و گردبوونەوە نزیک مەبنەوە
– لە تاریکە شەو هاتوچۆ مەکەن
– ناسنامەو پارە هەڵبگرن
– شتی گران بەها مەبەن