کارکردن لە پڕۆژەی قیرتاوکردنی گەڕەکی .گەورەی بازیان وێنە :964
گەڕەکێکی بازیان
دانیشتووانەکەی ترسیان لە وەرزی زستانە
964+
هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ
کارکردن لە پرۆژەی قیرتاوکردنی گەڕەکێکی قەزی بازیان وەستاوە و دانێشتووانی گەڕەکەکەش ترسیان لە وەرزی زستان و باران بارینە چونکە حاڵیان باش نابێت بەدەست قوڕەوە.
گەڕەکی پێشەوا وا بڕیار بوو هاوشێوەی چەند گەڕەکێکی دیکە قیرتاو بکرێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارە و خەرجنەکردنی سلفەوە کارکردن لە پرۆژەکە وەستاوە.
سەرچاوەیک لەکۆمپانیای سۆکاری جێبەجێکار پرۆژەکە بە 964ـی وت، تا ئێستا بڕی یەک ملیار دیناری قیرتاوکردنی گەڕەکەکانی دیکەیان لای حکومەتە.
وتیشی، دوو هەفتەیە چاوەڕێی خەرجکردنی سلفەیەکن بۆیە کارەکانیان راگرتووە داوای 135 ملیۆن دیناریان کردووە ئەگەر بۆیان خەرجبکرێت ئەوە دەستدەکەنەوە بە کارکردن لە پرۆژەکە، تا ئێستاش 12.6%ـی کارەکانی تەواو بووە.
نەوزاد جەلال سەرۆکی شاروانی قەزای بازیان بە 964ـی وت، ئێستا کارکردن لە پرۆژەی قیرتاوکردنی گەڕەکی پێشەوا لەبازیان راوەستاوە و ئومێدەوارین بەم نزیکانە دەستبکرێتەوە بە پڕۆژەکە و پارەیان بۆ خەرج بکرێت.
وتیشی، گوژمەی پرۆژەکە بڕی 880 ملیۆن دینارە، وابڕیارە 34 هەزار مەتر دووجا قیرتاوبکرێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی