شوێنەوارەکانی سۆران مەترسییان لەسەرە

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

لەسەر دەستدرێژی بۆ سەر شوێنەوار، لە سۆران سكاڵاى یاسایی له‌سه‌ر چه‌ند هاوڵاتییه‌ك تۆمار دەکرێت.

له‌ سنوورى ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆی سۆران، ده‌ستدرێژی دەکرێتەسەر شوێنه شوێنە‌وارییه‌كان و هەوڵی ساخته‌كردنى كەلوپەلە شوێنەوارییەكان دەدرێت.

بەهۆی ئەو دەستدرێژییەو نەبوونی مۆزەخانە لە شارەکە، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ شوێنەواری سۆران‌، هه‌موو پارچه‌ شوێنه‌وارییه‌كانى ئه‌و سنووره‌ له‌ ژوورێكی سێ بە چوار دانراون، به‌شێكیشیان ناردۆته‌ شوێنه‌وارى هه‌ولێر.

بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران ئه‌وه‌ بۆ +964، پشتڕاستده‌كاته‌وه‌ كه‌ سكاڵای یاساییان لەسەر چه‌ند كەسێك تۆماركردوە بەتۆمەتی دەستدرێژیكردنە سەر شوێنە شوێنەواریەكان و ساختەكردنی كەلوپەلە شوێنەوارییەكان.

هێرۆ حسێن، بەرپرسی بەشی یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران بە +964ی وت “ئه‌مساڵ بابه‌تى ده‌ستدرێژیكردن بۆ سه‌ر شوێنه‌واره‌كانى ئه‌و سنووره‌ هه‌بووه‌، به‌ڵام دواى ئاگاداركردنه‌وه‌مان بانگمان كردوون و به‌ڵننامه‌مان پێ پڕكردوونه‌ته‌وه”.

ده‌شڵێ “ئه‌مساڵ هیچ كه‌یسێكی نوێمان نیه‌ كه‌ درابنه‌ دادگا به‌ڵام كه‌یسی ساڵانى رابردوومان هه‌ن و هێشتا له‌ دادگا كۆتاییان پێنه‌هاتووه‌، كه‌ یه‌كێك له‌وانه‌ ته‌زویركردنى پار‌چه‌یه‌ك شوێنه‌وار بووه‌، دانه‌یه‌كیشیان، كه‌سی تۆمه‌تبار هه‌ڵاتووه‌ و كه‌یسه‌كه‌ى وه‌ك خۆى ماوه‌ته‌وه‌ له‌ دادگا”.

به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانى +964، لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زیاتر لە هەزار و ١٠٠ شوێنی شوێنەواری و هەزار و ٥٠٠ پارچەی شوێنەواری هەن کە لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران هەڵگیروان.

زۆربه‌ى شوێنه‌واره‌كان له‌و سنووره‌ كه‌وتوونه‌ته‌‌ رواندز و دێڵزیان و قه‌ڵا و مێرگه‌سۆر و خه‌لیفان.