دوکانێکی فرۆشتنی زۆبای دار لە دهۆک. وێنە :964
لە دهۆک
هێشتا سەرما نەهاتووە زۆپای دار بازاڕی گەرمە
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
زستان نزیک دەبێتەوە و هاوڵاتیان وەک ئامادەکارییەک بۆ سەرما زیاتر روو لە کڕینی زۆپای دار دەکەن.
لە پارێزگای دهۆک دوو جۆر زۆپای دار هەیە، عێراقی و تورکی، بەڵام نرخی تورکی گرانترە و عێراقی لێرە دروست دەکرێت.
محەمەد رەشید، فرۆشیاری دوکانی زۆپای دار بە 964ـى وت، ئەمساڵ نرخی فرۆشتنی زۆپای دار گرانتر بووە، بە تایبەتی جۆری تورکی.
وتیشی، پار ساڵ نرخی زۆپای دار پێنج هەزار کەمتر بوو لە نرخەکانی ئێستا، بەپێی کۆالێتی دەگۆڕێت جۆری عێراقی لە 50 هەزارەوە دەستپێدەکات بۆ 70 هەزار دینار، هاوکات نرخی جۆری تورکی لە 90 هەزارەوە دەست پێدەکات بۆ زیاتر لە 200 هەزار دینار.
بە قسەی خاوەن دوکانەکانی فرۆشتنی زۆپای دار، چەند ساڵێک لەمەوبەر تەنیا هاوڵاتیان دەهاتن دەیانکڕی بۆ باخەکانیان، بەڵام ئێستا بۆ ماڵەکانیان دەیکڕن و بازاڕی گەرمە.
پێشبینی دەکرێت مانگی داهاتوو لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی باران بارین و دابەزینی پلەکانی گەرما زۆپای دار نرخەکەی گرانتر بێت.
حکومەتی هەرێم بەردەوامە لە دابەشکردنی نەوت بۆ ئەم زستانە و لە پارێزگای دهۆک تا ئێستا 40 هەزار خانەوادە نەوتیان وەرگرتووە و زیاتر لە 120 هەزاریش ماوە.
زۆپای داریش کە هاوڵاتیان بۆ گەرمکردنەوەی ماڵەکانیان جاران بەکاریان دەهێنا ئێستا باوی هاتووەتەوە و تەنیا لە دهۆک 20 دوکانی فرۆشتنی زۆپای دار هەیە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی