چەند بیری یاسایی هەیە؟

کەسێک لەسەر هەڵکەندنی بیر دەستگیر کرا

ژووری هەواڵ

لە پێنجوێن هاوڵاتیه‌ك به‌بێ مۆڵه‌ت و بە شێوەیەکی نایاسایی خه‌ریكی بیرلێدان بووە، پۆلیسی دارستان گه‌یشتنه‌ سه‌رى و ده‌ستگیریان كرد.

ئەمڕۆ دووشەممە 23.10.2023، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، مەفرەزەیەكی بەشی پۆلیسی دارستانی پێنجوێن، له‌گه‌ڵ ده‌ستگیركردنى بیرلێده‌ره‌كه‌، دەستیان به‌سه‌ر ئامێرێکی بیرهەڵکەندن گرتووه‌.

پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ده‌ستگیركراوه‌كه‌ رێکخرا و رادەستی دادوەر کراوە بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی.

لە ساڵی 2015ـەوە لێدانی بیر لە ناو ماڵاندا لە شاری سلێمانی بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و رێگای پێنادرێت، هەر کەسێک هەوڵی لێدانی دابێت دەستگیر کراوە.

تا ئێستا زیاتر لە 1500 ئامێری بیرلێدان دەستی بەسەرداگیراوە، خاوەنەکانیان رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە.

لە هەریەکە لە شارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین لە ساڵی 1975 ەوە، نزیکەی 11 هەزار بیری یاسایی هەیە، لەو رێژەیە 35% بۆ ئاوی خواردنەوەیە و 35% بۆ کەرتی کشتوکاڵیە و 30% بۆ کەرتی پیشەسازیە.

بە گوێرەی داتاکانی فەرمانگەی ئاوی هەرێم، ستانداردی نێودەوڵەتی بۆ پێداویستی ئاو هەر تاکێک رۆژانە 250 لیتر ئاوی پێویستە، بەڵام هەر تاکێک لە هەرێم رۆژانە 500 لیتر ئاو بەکاردێنێت.