دەرگایان لێ کرایەوە بەڵام بەڵێنێکی دڵخۆشکەریان وەرنەگرت
سێ یەکەمە دانەمەزراوەکانی کوردستان لەبەردەم خوێندنی باڵا ناڕەزاییان دەربڕی
کاردۆست حسێن ـ هەولێر
سێ یەکەمە دانەمەزراوەکانی هەموو ناوچەکانی كوردستان فشاریان بۆ هات و چوونە بەردەم بینای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هەولێری پایتەخت، هاوار و ناڵەیان وایکرد، وەزارەت دەرگایان لێ بکاتەوە و د. توانا نەجەف بەڕێوەبەری دیوان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا لەگەڵیان دانیشت.
دوای گفتوگۆ و قسە و باسێکی زۆر بە نائومێدی هاتنەدەرەوە، رەوەز ئەحمەد نوێنەری سێ یەکەمەکانی دەڤەری راپەڕین بە 964ـی وت، ” 9 ساڵە چاوەڕێی دامەزراندن دەکەین، 46 جارە بە چەپکەگوڵەوە کۆدەبینەوە و ناڕەزایی دەردەبڕین، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە، تا ئێستاش نازانین بۆ دانامەزرێین”.
رەوەز ئەحمەد روو لە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و کاربەدەستانی وڵات وتی، “قەڵەمی سێ یەکەمەکان رەحم بە مێژوو و ناوتان ناکات، ئەگەر دایاننەمەزرێنن”
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان ناینهەوێ بەگرێبەست دابمەزرێندرێن و داوای دامەزراندنی هەمیشەیی دەکەن.
وەک لە قسەکانیاندا دیاربوو، ئەمڕۆش لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بەڵێنێکی کۆنکرێتیان پێ نەدراوە و تەنیا پێیان وتراوە، ئەوانیش چاوەڕێی بڕیار لە حکومەتی عێراق دەکەن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری