چوار یانە لە خولی تێنسی عێراق کشاونەتەوە

964+ 

یادگار محەمەد – سلێمانی

قۆناغی دووەمی خولی تێنسی سەرمێزی یانە پلە نایابەکانی عێراق دەستی پێکردووە و چوار یانە کشاونەتەوە.

دوای ئەنجامدانی یارییەکانی قۆناغی یەکەم هەشت یانە گەیشتنە قۆناغی دووەمی خولی تێنسی سەرمێزی یانە پلە نایابەکانی عێراق، کە رکابەرییەکانی بە شێوازی هاتن و چوون ئەنجام دەدرێت.

پێش بەڕێوەچوونی یارییەکان هەریەک لە یانەکانی ئاشتی، دەربەندیخان، ئەکاد و گازی باکور لە خولەکە کشانەوە، گلەیی ئەو یانانەش لەسەر ماوەی درێژی خولەکەیە و بەشێک لەو یانانە ناتوانن خەرجی تیپەکانیان دابین بکەن.

شاخەوان جەمال راهێنەری یانەی ئاشتی بە 964ـی وت، ساڵانێکی زۆرە خولەکە بە ئەنجامدانی سێ قۆناغی کۆمەڵەیی رکابەرییەکانی ئەنجام دەدرێت، بەڵام لە وەرزی ئەمساڵدا سیستەمی خولەکەیان گۆڕی و لە قۆناغی هەشتەوە یارییەکان بە شێوازی هاتن و چوون ئەنجام دەدرێن و ئەوەش لە توانای خەرجی تیپەکانیان نییە.

لای خۆیانەوە فیدراسیۆنی تێنسی سەرمێزی عێراق وەڵامیان بۆ ئەو گلەیی و نارەزایەتیانەی یانە کشاوەکان هەیە و لە لێدوای ڤیدیۆیی ئەم هەواڵەدا وەڵامیان دەدەنەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی