ئاگاداربن

شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبروسکە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

وریا فەتاح

پێشبینییەکانی کەشوهەوا بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو، ئاگادارمان دەکاتەوە کە شەپۆلێکی بارانبارین بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەکانی گەرماش گۆڕانکارییان بەسەردا دێت.

بەپێی راپۆرتی کەشناسی، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاسمان لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم لەنێوان نیمچە هەور و هەوری تەواودا دەبێت، لەگەڵ ئەگەری کەمێک نمە باران لە ناوچە شاخاوییەکانی باکوور و باکووری رۆژئاوای هەرێم. پلەکانی گەرماش بەراورد بە دوێنێ کەمێک بەرز دەبنەوە.

سەبارەت بە سبەی پێنجشەممە، لە ئەنجامی کاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆیەکی لاوازی دەریای سپی ناوەڕاست، ئاسمان بە تەواوی دەبێتە هەوراوی. سەرەتا شەپۆلێکی بارانبارین لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەشێوەی نمە باران و بارانی مامناوەند دەستپێدەکات و هەندێک جار هەورەبروسکەشی لەگەڵدا دەبێت. پاشان شەپۆلەکە بەرفراوانتر دەبێت و دەگاتە سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کە کاریگەرییەکەی تا درەنگانی شەو بەردەوام دەبێت.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی پێنجشەممە بەم شێوەیە دەبن:

هەولێر: 31 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 29 پلەی سیلیزی
دهۆک: 27 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 31 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 38 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 32 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 26 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 26 پلەی سیلیزی
پیرمام: 26 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 17 پلەی سیلیزی