قوتابخانەیەک لە پارێزگای دهۆک - وێنە: +964
چاودێریی دەخەنە سەریان
وەزارەتی پەروەردە سێ رێنمایی بۆ خوێندنگە ناحکومییەکان دەرکرد
هاوبەش ئەبوبەکر
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان سێ رێنمایی بۆ خوێندنگە ناحکومییەکان دەرکرد و رایگەیاند، چاودێری دەخەنە سەر ئەو خوێندنگانە و دەبێت فەرمانەکانی وەزارەت بە باشی جێبەجێ بکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 18.10.2023، وەزارەتی پەروەردە بە نووسراوێک کە واژۆی ئالان حەمەسەعیدی لەسەرە، سێ رێنمایی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆری و سەرپەرشتیکردنی پەروەردەیی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان کراوە.
لە رێنماییەکاندا هاتووە، “دەبێت چاودێریی ناوەندەکانی خوێندنی ناحکومی بکرێت لە جێبەجێکردنی رێنمایی و گشتاندن و فەرمانە وەزارییەکان، فەرمانیش کراوە، ئەگەر هەر سەرپێچییەک لە خوێندنگە ناحکومییەکان بەدی کرا، پێویستە بەڕێوەبەرایەتیی دڵنیایی جۆری راپۆرت بنێرن بۆ وەزارەت و وێنەیەکی راپۆرتەکەش بدەنە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگاکانی و ئیدارە سەربەخۆکان.
لە دوای گەیشتنی راپۆرتەکە، وەزارەتی پەروەردە لیژنەی لێکۆڵینەوە دیاریی دەکات و سەردانی ئەو خوێندنگەیە دەکەن، ئەگەر دەرکەوت سەرپێچی کراوە ئەوا رێکاری یاسایی بەرامبەر خوێندنگەکە دەگیرێتەبەر.
بە گوێرەی داتاکانی وەزارەتی پەروەردە، بە گشتی لە هەرێمی کوردستان نزیکەی شەش هەزار و 800 قوتابخانە هەن کە 492 دانەیان ناحکومین.