ئەمساڵ تەنیا حەوت کیلۆمەتری قیرتاوکراوە

نزیکەی چوار کیلۆمەتری رێگای حاجیاوا دووبارە نوێکرایەوە

ژووری هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی راپەڕین رێگای سەرەکی هەریەکە لە حاجیاوا، گەرمکەداڵ و میرەبەگی دووبارە قیرتاو کردووەتەوە کە نزیکەی چوار کیلۆمەترە، ئەمە لەکاتێکدا بەپێی راگەیەنراوەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لەماوەی 10 مانگی رابردوودا حەوت کیلۆمەتری ئەو ناوچەیە قیرتاو کراوەتەوە.

ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، ئەو رێگایەی نۆژەنکراوەتەوە سێ هەزار و 700 مەتر بووە و لەمەوبەدوا شۆفێران دەتوانن بەکاریبێنن.

چاککردنەوەی رێگاکە لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتی چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی راپەرین بووە، 257 ملیۆن و 397 هەزار دینار تێچووەکەی بووە.

ئەمە لەکاتێکدا مانگی ئایاری ئەمساڵ دیسان سێ کیلۆمەتری رێگای حاجیاوا بۆ سەروچاوا قیرتاو کراوەتەوە.