پێنج رۆژی خایاند

سیستمی کارەبای نەخۆشخانەی فێرکاری رانیە چاککرایەوە

هاوبەش ئەبوبەکر

دوای پێنج رۆژ، سیستمی کارەبای نەخۆشخانەی فێرکاری رانیە، کە چەند جارێک بووە هۆی پچڕانی تەواوەتی کارەباکەی چاککرایەوە.

ئەمڕۆ هەینی 13.10.2023، تەها محەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی تەندروستی راپەڕین بە 964ـی وت، ستافی ئەندازیاری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی راپەڕین سەرەڕای پشوو، کاریان لە سیستمی کارەبای نەخۆشخانەکەدا کردووە و هەموو کێشەکانی چارەسەر کراوە.

لە رێکەوتی 8.10.2023، کێشەیەک لە یەکێک لە کێبڵەکانی کارەبای نەخۆشخانەکە دروستبوو، بۆ ماوەی نزیکەی شەش کاتژمێر و نیو نەخۆشخانەکە بێ کارەبا مایەوە.

لە راپەڕین، حەوت نەخۆشخانە هەیە، کە تەنیا لە سێیاندا هۆڵی نەشتەرگەری هەیە، ئەوانیش نەخۆشخانەی راپەڕین، نەخۆشخانەی قەڵادزێ و نەخۆشخانەی منداڵان و لەدایکبوونە.