10 ساڵە مامۆستای ئاینی دانەمەزراوە
زۆربەی مزگەوتەکانی ئامێدی مامۆستای ئایینیان نییە
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
لە سنوری قەزای ئامێدی نزیکەی 154 مزگەوت هەن، بەهۆی کەمی مامۆستای ئاینی، زۆربەیان وتاری هەینیان تێدا ناخوێندرێت.
مزگەوتە کۆنەکەی ئامێدی نمونەیەکە لەو مزگەوتانەی کە بێ مامۆستای ئاینین و زیاتر لە سێ ساڵە بەو جۆرەیە.
بژار ساڵح، موختاری ئامێدی بە 964ـی وت، زۆربەی مزگەوتەکانی ئامێدی مامۆستای ئاینی نییە، مزگەوتە کۆنەکەی ئامێدیش زیاتر لە سێ ساڵە بێ خزمەتگوزارییە و هیچ مامۆستایەکی ئاینی نییە. تەنها کەسێک لە ناحیەی دێرلۆکەوە بە خۆڕایی دێت و هەندێک جار پێشنۆێژی دەکات .
وتیشی، لە ناوەندی شاری ئامێدی نزیکی 500 ماڵ هەن و حەوت مزگەوت هەیە کە تەنها دوو مزگەوت کراوەن.
جیهاد بێسکفی، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی ئاینی لقی دهۆک بە 964ـی وت، لە ساڵی 2013ـەوە تا ئێستا هیچ مامۆستایەکی ئاینی لە دەڤەری ئامێدی دامەزراوە و گرێبەستی لەگەڵدا نەکراوە.
شوێنەوارەکانی ئامێدی نۆژەن دەکرێنەوە
“لە زۆر شوێن پێویستییەکی زۆر بە مامۆستای ئاینی هەیە، چونکە ساڵانە مزگەوتەکان زیاتر دەبن و پێویستیان بە مامۆستای ئاینی هەیە. ناوی هەموو مامۆستا خۆبەخشەکان نوسراون بۆ ئەوەی سەرەتا ئەوان دابمەزرێن”، جیهاد بێسکفی وای وت.
بە قسەی سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی ئاینی دهۆک، نوسراوێک ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە و چاوەرێیی وەڵامن بۆ دامەزراندن.
دانیشتوانی قەزای ئامێدی نزیکەی 120هەزار کەسن، قەزاکە خاوەنی شەش ناحیەیە و پێنج کۆمەڵگە و 358 گوند لەخۆدەگرێت کە تەنها 158 گوندیان ئاوەدانن.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر