بۆرییەکە ئامادەیە

عێراق ئاماده‌یه‌ نه‌وت له‌ رێگه‌ی توركیاوه‌ هه‌نارده‌ بكاتەوە

+964
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی ئاماده‌یه‌ نه‌وت له‌ رێگه‌ به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیاوه‌ هه‌نارده‌ بكاتەوە.

محه‌مه‌د شیاع سودانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 11.10.2023 له‌ په‌راوێزی به‌شداریكردنی له‌ کۆڕبەندی هەفتەی وزەی رووسیا بە ئامادەبوونی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا رایگه‌یاند، هەناردەکردنی نه‌وتی عێراق لە رێگەی به‌نده‌ری جیهان بە پێی بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیراوە، هەروەها بەهۆی کاریگەرییەکانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی ئه‌مدواییه‌ی توركیا، بۆیه‌ بۆری گواستنەوەکە لەلایەن لایەنی تورکیاوە پشکنینی تەکنیکی بۆ دەکرێت.

سودانی هه‌روه‌ها وتی: لەم دواییانەدا ئاماژه‌یه‌ك لە تورکیاوە هەبوو کە بۆرییەکە ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نه‌وت، ئێستا کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نی توركی و وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق خه‌ریكه‌ ده‌گه‌نه‌ رێكه‌وتنێكی لێکتێگەیشتن، به‌ مه‌به‌ستی هەناردەکردنه‌وه‌ی نەوت لە رێگەی ئەم بۆرییەوە، كه‌ ده‌بێت بە پێی پابەندبوونی عێراق بێت لە چوارچێوەی رێژه‌ی دیاریكراو له‌ رێكخراوی ئۆپێک پڵەس.

دوێنی له‌ دیداری میریدا نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، كێشه‌ی هه‌نارده‌نه‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی توركیاوه‌، له‌ به‌غدایه‌ و له‌ توركیا نییه‌.

له‌وه‌ته‌ی 25.3.2023 هه‌نارده‌ی نه‌وتی كوردستان و كه‌ركوك له‌ رێگه‌ی بۆڕی نه‌وتی توركیا و به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیاوه‌ وه‌ستاوه‌.

بۆچی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێناکاتەوە؟

بۆچی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێناکاتەوە؟