دیمەنی بۆردوومانێکی غەزە لە لایەن ئیسرائیلەوە
حەماس دەڵێت: لە سوپرایزەکانمان بەردەوام دەبین
بنیامین ناتانیاهۆ: غەزە وێران دەکەین و تۆڵە دەکەینەوە
964+
میدیا گۆران
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هۆشداری توندی دایە حەماس و دەڵێت، بە توندی تۆڵە دەکەینەوە و غەزە وێران دەکەین، وتەبێژی حەماسیش دەڵێت، “بەدەوام دەبین لە سوپرایزەکەمان”
لە لێدوانێکی رۆژنامەنووسی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەم جەنگە درێژەی دەبێت و ئیسرائیل سەردەکەوێت، ئەمڕۆ رۆژێکی زۆر زەحمەت بوو بۆ هەموان.
وتیشی، “حەماس رۆڵەکانمان و منداڵەکانمان دەکوژێت، ئەوەی ئەمڕۆ لە ئیسرائیل روویدا هیچ کات رووینەداوە و گرەنتی ئەوەش دەدەم کە دووبارە نەبێتەوە”.
ناتانیاهۆ ئەوەشی وت، “من بە حەماس دەڵێم کە ئێوە بەرپرسیارن لە سەلامەتی دیلەکانی ئیسرائیل، تۆڵە لە هەموو کەسێک دەکەینەوە کە دەستی لە تاڵە قژێکی هاونیشتمانیانمان داوە”.
لەلایەکی دیکەوە حازم قاسم وتەبێژی بزوتنەوەی حەماس بۆ کەناڵی بی بی سی دەڵێت: “لەو سوپرایزەی کە ئەمڕۆ پێشکەشی ئیسرائیلمان کرد بەردەوام دەبین”.
تا ئێستا بەهۆی گرژییەکانی ئەمڕۆی نێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل 290 کەس لە ئیسرائیل کوژراون و 1500 کەسیش بریندارن، لە بزوتنەوەی حەماسیش 232 کەس کوژراون.