بارهەڵگرێک کە ئامێرەکانی شوشتنی گورچیلەی بارکردووە. فۆتۆ: وەزارەتی تەندروستی
بۆ کام شار دەبێت؟
ئێران ئامێری شوشتنی گورچیلە دەداتە هەرێم
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
کۆماری ئیسلامی ئێران 10 ئامێری شوشتنی گورچیلەی بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان دابینکرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە 4.10.2023، بۆ دابینکردنی ئامێرەکان رێورەسمێک لە شاری هەولێر رێکخرا کە تێیدا نەسروڵڵا رەشنوودی، کونسوڵی ئێران لە هەولێر و سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئامادەبوون.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئامێرەکان بەسەر نەخۆشخانە جیاجاکانی هەرێمی کوردستاندا دابەشدەکرێن، بەتایبەت لەو شوێن و بنکە تەندروستییانە دادەنرێن کە ئامێری شوشتنی گورچیلەیان نییە و لە ناوەندی شارەکان دوورن.
کونسوڵی ئێران لە هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەدا وتی، زۆرینەی ئەو هاوڵاتییانەی هەرێمی کوردستان کە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی دەچنە ئێران، بۆ شووشتنی گورچیلە روو لەو وڵاتە دەکەن، بۆیە بڕیاریانداوە بە پێدانی ئەو 10 ئامێرە، یارمەتیی خەڵکی هەرێمی کوردستان بدەن.
بە وتەی کونسوڵی ئێران لە هەولێر، ئەو 10 ئامێرەی بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان دابینکراون، بەرهەمی ناوخۆیی کۆماری ئیسلامی ئێرانن.