ئێران سێیەم مانگی دەستکردی سەربازیی خۆی رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد

پێشەوا محەمەد

ئێران رەوانەکردنی سێیەم مانگی دەستکردی سەربازیی خۆی بەناوی “نوور3” راگەیاند و بەرپرسێکی وڵاتەکە دەڵێت، بۆ کاری سیخوڕی و سەربازییە.

مانگە دەستکردەکە رۆژی چوارشەممە 27.9.2023 هەڵدراوە و لە دووری 450 کیلۆمەتر لە زەوییەوە جێگیر کراوە.

ماڵپەڕی کەیهانی ئێرانی لە زاری سەردار ئەمیر عەلی حاجی زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران گواستوویەتیەوە، کە مانگە دەستکردەکە توانای وێنەگرتن و کۆکردنەوەی زانیاری و سیگناڵی هەیە.

وتوشیەتی، مانگە دەستکردەکە 32 کیلۆگرامە و لە ماوەی 18 مانگدا دروستکراوە.

ئێران لە ساڵەکانی 2021 و 2022 دا دوو مانگی تری دەستکردی بەناوەکانی نوور1 و نوور2 هەڵداوە.

“هیوادارین بتوانین لەمساڵدا دوو مانگی تری دەستکرد هەڵبدەین”، ئەوەش قسەی سەردار ئەمیر عەلی حاجیزادەیە.