کوڕێکی وەستا حەسەنی کەبابچی: کێشەمان لەگەڵ کەس نییە

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

کوڕێکی وەستا حەسەنی کەبابچی دەڵێت کێشەیان لەگەڵ کەس نییە و بارودۆخی برا بریندارەکەشی بە جێگیر وەسف دەکات.

دوێنێ شەو لە شاری سلێمانی تەقە لە دوو کوڕی وەستا حەسەنی کەبابچی دەکرێت، یەکێکیان دەکوژرێت و ئەوی دیکەشیان بریندار دەبێت.

دوای رووداوەکە یەکێک لە کوڕەکانی وەستا حەسەن بە میدیاکانی راگەیاند، ئەو کەسەی تەقەی لە براکانی کردووە دەستی شکاندووەتەوە سەریان و دواتر دەمانچەی لێ دەرهێناون و تەقەی لێکردوون.

ئەو رووداوە لەکاتێکدایە رۆژی 25.8.2023 وەستا حەسەنی کەبابچی لە باخێکی سیتەک بە برینداری دەگەیەندرێتە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی و دواتر گیان لەدەست دەدات.

هەتا ئێستاش دەزگا فەرمییەکان ئاشکرایان نەکردووە ئاخۆ رووداوەکە خۆکوژی بووە یاخود کوژراوە.

محەمەد حەسەن، کوڕی وەستا حەسەنی کەبابچی لەسەر رووداوەکەی دوێنێ شەو بە 964ـی راگەیاند، برایەکی کوژراوە و یەکێکیشیان بریندارە و دوو فیشەکی پێوەیە.

وتیشی، “کێشەمان لەگەڵ ئەو کەسانەدا نییە کە تەقەیان لە براکانم کردووە”.

دوێنێ شەو دوای رووداوەکە ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی بکوژەکەی راگەیاند.

وەستا حەسەن، یەکێکە لە بەناوبانگترین وەستاکانی کەباب لە سلێمانی و خاوەنی چێشتخانەیەکی گەورەیە لە شارەکەدا و خاوەنی پێنج کوڕ بووە.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد