ڤیدیۆ: خێزانێکی شەش کەسی خواردنگەیەک بەڕێوەدەبەن

964+
زه‌ید كۆچه‌ر – دهۆك

لە ناحیەی کەلەکچی خێزانێک خواردنگەیەکی جیاواز دەکەنەوە و خەڵک لە خۆیان کۆ دەکەنەوە.

خواردنگەی (ئەبو نوح) لە ناحیەی کەلەکچی، لە قەزای شێخانی پارێزگای دهۆک، لە لایەن خێزانێکەوە دروستکراوە، هه‌مووشیان له‌وێ كار ده‌كه‌ن کە ژمارەیان شەش کەسە.

964+ سه‌ردانی خواردنگه‌كه‌ی كرد، كه‌ خەڵکانێکی زۆر هاموشۆی ده‌كه‌ن و خواردنه‌كانی تایبه‌تن، له‌وانه‌ “ماسی سەرخەڵوز، بەرخی سەرخەڵوز، مریشکی سەرخەڵوز و قازی سەرخەڵوز”.

 سه‌عدوڵڵا سه‌عید، ناسراو بە (ئەبو نوح) خاوەنی خواردنگه‌كه‌یە بۆ 964+ قسه‌ی كرد، “من و خێزانەکەم و مناڵەکانم ئه‌و شوێنەمان كردووه‌ته‌وه‌، له‌ناو باخی خۆمانه‌، هەموو جۆرە خواردنێكی کوردەواری دروست دەکەین، کە خواردنەکان هەمووی بە ئاگری دار و خەڵوز دروست دەکرێن و تاموچێژیکی تایبەتی هەیە”.

هەموو جۆرە خواردنێكی کوردەواری دروست دەکەن

“له‌ هه‌موو هه‌رێمی كوردستان تا ده‌گه‌یته‌ موسڵ و ته‌نانه‌ت شاره‌كانی باشووری عێراقه‌وه‌ خه‌ڵك سه‌ردانمان ده‌كه‌ن”، سه‌عدوڵڵا سه‌عید وا ده‌ڵێت.

له‌ خواردنگه‌كه‌دا هه‌موو خواردنه‌كان لەسەر خەڵوز دەبرژێنرێن.

کاروان، گەنجێکی شاری هەولێرە و سەردانی ئەم شوێنەی کردووە و دەڵێت، “شوێنێکی نایابە و خواردنیکی زۆر خۆش و بەتام پێشکه‌شی كڕیاران ده‌كه‌ن”.

(ئەبو نوح) ماوەی هەشت ساڵە خۆی و خێزانی و کوڕ و کچەکانی له‌ خواردنگه‌كه‌یان كار ده‌كه‌ن، بژێوی ژیانیان لەم کارەدایە و زۆر کەیف خۆشن بە کارەکانیان و به‌وه‌ی كه‌ خه‌ڵك لێیان رازین.