دووه‌م دۆڕان بۆ هه‌ولێر، دێربیی بادینانیش به‌ یه‌كسانی كۆتایی هات

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

یانه‌ی هه‌ولێر له‌ خولی نایابی عێراقدا دووچاری دووه‌م شكست بوو له‌سه‌ر یاریگه‌ی خۆیدا، یاریی لووتكه‌ی نێوان زاخۆ و دهۆكیش به‌ یه‌كسانی ته‌واو بوو، تاكه‌ براوه‌ی تیپه‌كانی كوردستان له‌م گه‌ڕه‌دا، یانه‌ی نه‌ورۆز بوو.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 20ی كانوونی یه‌كه‌م، له‌ گه‌ڕی 11ی خولی نایابی عێراقدا، یانه‌ی هه‌ولێر به‌ ئه‌نجامی 0-2 گۆڵ به‌ یانه‌ی ته‌ڵه‌به‌ دۆڕا.

یارییه‌كه‌ له‌ یاریگه‌ی فرانسۆ هه‌ریری كرا و گۆڵه‌كانی یانه‌ی ته‌ڵه‌به‌ موئمل عه‌بدولره‌زا و حوسێن عه‌بدوڵڵا تۆماریان كرد.

ئه‌مه‌ دووه‌م شكستی یانه‌ی هه‌ولێره‌، كه‌ به‌دوای یه‌كدا له‌سه‌ر یاریگه‌ی خۆی له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا دووچاری ده‌بێت.

هه‌ولێر رۆژی 12ی ئه‌م مانگه‌ هه‌ر له‌ یاریگه‌ی خۆی به‌ 0-1 گۆڵ به‌ یانه‌ی زه‌وڕا دۆڕا.

له‌ كۆی 11 یاری، یانه‌ی هه‌ولێر تا ئێستا پێنج دۆڕان، سێ بردنه‌وه‌ و سێ یه‌كسانبوونی هه‌یه‌، به‌ 12 خاڵ له‌ پله‌ی 14ی ریزبه‌ندییه‌.

دێربیی بادینان به‌ یه‌كسانی كۆتایی هات
هه‌ر ئه‌مڕۆ ئێواره‌ یاریی لووتكه‌ی گه‌ڕی 11ی خولی عێراق، له‌ نێوان هه‌ردوو یانه‌ی زاخۆ و دهۆك له‌ یاریگه‌ی زاخۆ به‌ ئاماده‌بوونی جه‌ماوه‌رێكی زۆر كرا، له‌ ئه‌نجامیشدا به‌ 1-1 گۆڵ یه‌كسان بوون.

گۆڵی یانه‌ی دهۆك مورته‌جا عادل له‌ خوله‌كی 82 و گۆڵی یانه‌ی زاخۆش حه‌مید حاجی له‌ خوله‌كی 84دا تۆماریان كرد.

دهۆك له‌ پله‌ی 11یه‌ و 15 خاڵی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها یانه‌ی زاخۆ بارودۆخی خراپه‌ و له‌ ناوچه‌ی مه‌ترسی دابه‌زینه‌ بۆ پله‌ یه‌ك، به‌ جۆرێك له‌ پله‌ی 17یه‌ و هه‌شت خاڵی هه‌یه‌

نه‌ورۆز و بردنه‌وه‌یه‌كی گرنگ
له‌ ناو تیپه‌ كوردییه‌كانی خولی عێراق، براوه‌ی ئه‌م گه‌ڕه‌ی خوله‌كه‌ یانه‌ی نه‌ورۆز بوو، كاتێك به‌ 3-1 گۆڵ له‌ یانه‌ی حدوودی برده‌وه‌.

یارییه‌كه‌ له‌ یاریگه‌ی زه‌وڕا له‌ به‌غدا كرا و گۆڵه‌كانی نه‌ورۆز، دانا مسته‌فا، دیار یاخی و سیڤان عومه‌ر تۆماریان كرد، گۆڵی یانه‌ی حدوود مسته‌فا مه‌حمود تۆماری كرد.