بیرچوونەوە؛ ئەو نەخۆشییەی بەرۆکی 55 ملیۆن کەسی گرتووە

964+

ئەحمەد عەبدوڵا

ئەمڕۆ 21ی ئەیلول، رۆژی جیهانی نەخۆشی (ئەلزهایمەر)ە بە کوردی پێی دەگوترێت نەخۆشی بیرچوونەوە، نەخۆشییەکە لە مێشک روو دەدات ژمارەی خانە دەمارەکانی مێشک بە شێوەیەک کەم دەبێتەوە کە چالاکییەکانی بە تەواوی سست دەبن و کەسێک کە تووشی بیرچوونەوە دەبێت ئیتر ناتوانێت شتی نوێ فێربێت و ھەموو ئەوەی پێشتریش زانیویەتی وردە وردە لە بیری دەچێتەوە، ھەتا رادەیەک کە ناوی کەس و کار و تەنانەت ناوی خۆشی لە بیر نامێنێت.

لە سەرتاسەری جیهان زیاتر لە 55 ملیۆن کەس توشبووی نەخۆشییەکەن و پێشبینی دەکرێت ئەو ژمارەیە دوو هێندە بێت لە 20 ساڵی داهاتوو.

ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی توشبوون بە لەبیرچوونەوە:
1. تەمەن: گەورەبوونی تەمەن گرنگترین هۆکاری تووشبوونە، زۆربەی کەسە تووشبووەکان تەمەنیان لە سەرو 65 ساڵەوەیە.
2. بۆماوەیی: مەترسیی تووشبوونت زیاترە ئەگەر کەسێکی نزیکی پلە یەک (وەک باوک و دایک یان خوشک و برا) ت ئەم نەخۆشییەی هەبێت.
3. رەگەز: رەگەزی مێ زیاتر تووشی ئەم نەخۆشییە دەبێت بە بەراورد بە ڕەگەزی نێر.
4. بەرکەوتنی سەر: ئەو کەسانەی کە لە ژیانیان تووشی بەرکەوتنی مەترسیداری سەر بوون ئەگەری تووشبوونیان زیاترە.
5. شێوازی ژیان: نەکردنی وەرزش، قەڵەوی، جگەرە کێشان، بەرزی پەستانی خوێن، بەرزی رێژەی کۆڵسترۆلی خوێن، جۆری دووی نەخۆشی شەکرە.

چەند خاڵێكی گرنگ بۆ رێگری کردن لە توشبوون بە لەبیرچوونەوە:
1. زانینی زمانێكی دیکەو قسە پێكردنی.
2. خوێندنەوەی پەرتوک.
3. خواردنی سەوزەو میوەو خواردنە دەریاییەكان.
4. خواردنەوەی سێ كوپ قاوەی ئێسپرێسۆ لە رۆژێكدا.
5. هێنانەوە خوارەوەی پەستانی بەرزی خوێن و رێژەی كولیسترۆڵ و شەكرە.
6. خواردنی گۆشتی ماسی سەلەمون و حەبی ئۆمێگا 3.
7. دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان و مادەكحولیەكان.
8. زۆر هاتوچۆ كردن بەپێ یان وەرزش کردن.
9. دووركەوتنەوە لەترس و خەمۆكی و توڕەبوون.

دوو لە بەناوبانگترین ئەو کەسانەی توشبووی نەخۆشیەکەن: 

رۆنالد ریگان کە لە ساڵانی 1981-1989 وەک 40ەمین سەرۆکی ئەمریکا کاری کردووە یەکێک بوو لە هەڵگرانی نەخۆشییەکە، کاتێک لە 5ی حوزەیرانی ساڵی 2004 لە تەمەنی 94 ساڵی گیانی لەدەستدا، خێزانەکەی رایانگەیاند، رۆنالد زیاتر لە 10 ساڵ لەگەڵ ئەلزهایمەر جەنگاوە و لە کۆتاییدا ئەو نەخۆشییە گیانی لێسەندەوە، گابریەل گارسیا مارکێزی نووسەر و رووناکبیریش تا مردنی لە ساڵی 2014 لەگەڵ نەخۆشییەکە جەنگا.

لە مانگی ئابی 2024دا گابرێل گارسیا مارکیز دەبیننەوە

لە مانگی ئابی 2024دا گابرێل گارسیا مارکیز دەبیننەوە