لە دوزخورماتوو 67 کارمەند راژەکانیان گواسترایەوە بۆ سەڵاحەدین
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
بڕیاری گواستنەوەی 67 کارمەندی تەندروستی دوزخورماتوو، لەلایەن وەزیری تەندروستی عێراقەوە بۆ نەخۆشخانەکانی پارێزگای سەڵاحەدین دەرچوو، بڕیارەکەش نیگەرانی لێکەوتووەتەوە.
وەزارەتی تەندروستی عێراق، بڕیاریدا بە گواستنەوەی 225 کارمەندی تەندروستی لە سەرجەم قەزا و ناحیەکانی تکریت بۆ پارێزگای سەڵاحەدین، ئەمەش ناڕەزایی و نیگەرانی 67 کارمەندی تەندروستی هەر سێ نەتەوەی قەزاکەی لێکەوتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 21.9.2023، هاوکار عەبدوڵا، یەکێکە لەو کارمەندانی نەخۆشخانەی گشتی دووزخورماتوو بە964ی وت، “ماوەی رێگاکە بۆ ئەوان زۆرە و لەگەڵ ئەوەش رێگاکە، هێشتا مەترسیی زۆری لەسەرە لە رووی گروپە چەکدارە جیاوازەکان”، ئەوەشی وت، “ئەوان بەهیچ شێوەیەک رازی نابن بەگواستنەوەیان”.
بڕیارەکە بەجۆرێکە، کە لە نەخۆشخانەی خورماتووە بۆ نەخۆشخانەکانی پارێزگای سەڵاحەدین ئەو کارمەندانە بگوازنەوە، هاوکار عەبدوڵا ئەوەشی وت، “داواکارن بڕیارەکە هەڵبوەشێندرێتەوە”.
لە بارەی داواکاری ئەو کارمەندانە، 964 پەیوەندی کرد بە کامل جەمیل، سەرپەرشتیاری کارگێڕی لە نەخۆشخانەی گشتی سەڵاحەدین ئەو ئاماژەی بەوەکرد، “نەخۆشخانەکانی تکریت، لە پارێزگای سەڵاحەدین بەدەست کەمی کارمەندەوە دەناڵێنن و پێویستیان بەنزیکەی 250 کارمەند هەیە”.
بریارەکە بەجۆرێکە کارمەندی قەزا و ناحیەکانی دەوروبەری بۆ بهێنن، دووزخورماتووش ناوی لە ناوانایە و بڕیاری ئەووە دراوە 67کارمەندی بۆ بگوازنەوە، ئەو سەرپەرشتیارە وتیشی، “قسەمان لەگەڵ بەڕێوبەری گشتی تەندروستی پارێزگای سەڵاحەدین کردووە، داوایان لێکردووە کە بڕیاری گوستنەوەی کارمەندانی تەندروستی دووزخورماتو رابگرن، رۆژی یەکشەمەی داهاتوو لەلایەن وەزیری تەندروستییەوە وەڵامی داواکاریەکانیان دەدرێتەوە”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا