بەبۆنەی نەورۆز و جەژنی رەمەزانەوە

هەرێمی جەزیرە لە رۆژئاوای کوردستان لێبوردنی گشتی بۆ زیندانیان دەرکرد

فەرهاد حەسەن

بە بۆنەی هاتنی جەژنەکانی رەمەزان و نەورۆزەوە، هەرێمی جەزیرە لە رۆژئاوای کوردستان لێبوردنی گشتی بۆ زیندانیکراوان دەرکرد و هەموو ئەو زیندانیانە دەگرێتەوە کە تاوەکو رۆژی 18.3.2026 تاوان و سەرپێچییان کردووە.

بەپێی ئەو مەرج و رێکارانەی کە هەرێمی جەزیرە بڵاویکردووەتەوە، لە مادەی یەکەم لێبووردنەکە تەواوی ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە سزای سەرپێچییە جۆراوجۆرەکان و سزای کەتنیان لەسەرە.

بەپێی مادەی دووەمیش، کە تایبەتە بە تاوانەکان هەموو سزاکان دەگرێتەوە بە مەرجێک مافی کەسییان لەسەر نامابێت و ئاشتەوایی کرابێت و داواکارییان لەسەر نەبێت.

لە مادەی سێیەمدا هاتووە، لێبوردنەکە بەهیچ شێوەیەک تاوانەکانی تیرۆر ناگرێتەوە کە بووەتە هۆی کوشتنی مرۆڤەکان، یاخود ئەو کەسانەی خۆیان رادەستی یاسا نەکردووە، جا ئەگەر لە ماوەی 60 رۆژ لەداوی ئەم لێبوردنە خۆیان رادەست بکەن لێبوردنەکە دەیانگرێتەوە.