شەقامەکەی بازاڕی کەلار بەیانیان بۆ ئۆتۆمبێل و ئێواران بۆ ھاوڵاتی دەبێت

میلاد جەلال – کەلار

شەقامی سەرەکیی ناو بازاڕی کەلار، لە دوای نۆژەنکردنەوەی، تا ئێستا بە بەربەستی کۆنکرێتی ئەوسەری شەقامەکە داخراوە و رێگە بە ھاتوچۆی ئۆتۆمبێل نادرێت، شارەوانییش دەڵێت لە ھەوڵی چارەسەرکردنداین.

“شەقامەکە سەرجەم کارەکانی تەواو بووە و دەمانەوێت وای لێبکەین  بەیانیان کراوەبێت بۆ ھاتوچۆی ئۆتۆمبێل و ئێوارانیش بەھۆی قەرەباڵغی ناو بازاڕ رێگاکە دابخرێت و تەنیا بۆ پیادە بێت، بە دوای بیرۆکەیەکی جواندا دەگەڕێین بۆ کاتی داخستن و کردنەوەی شەقامەکە”، بەرپرسی بەشی پرۆژەکانی شارەوانی وای وت.

دلێر حوسێن بەرپرسی بەشی پرۆژەکان لە شارەوانیی کەلار بە 964ى وت، “شەقامەکە لەم قۆناغەدا لە کاتی بەیانیان بۆ ھەردوو ئاراستەی ھاتن و رۆیشتنی ئۆتۆمبێل دەکەنەوە، لەوانەیە لە داھاتوودا  بیکەین بە یەک ئاراستە، بەڵام جارێ نازانین کەی شەقامەکە بە تەواوی دەکەینەوە”.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا