نزیكه‌ى ٥٠٠ هه‌زار دۆنم زه‌وى له‌هه‌رێمی كوردستان پۆندی ئاوی له‌سه‌ر دروستكراوه‌

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

له‌هه‌رێمی كوردستان ١١٨ پۆندى گلدانه‌وه‌ى ئاو، به‌زیاتر له‌ ٢٨ ملیار دینارله‌سه‌ر نزیكه‌ى ٥٠٠ هه‌زار دۆنم زه‌وى له‌هه‌رێمی كوردستان دروستكراون، كه‌ تواناى گڵدانەوەى زیاتر له ‌٢٢ ملیۆن مەتر سێجا ئاویان هەیە.

له‌ئێستاشدا جوتیاران خۆیان ئه‌و پۆندانه‌ بۆخۆیان دروستده‌كه‌ن و كاری كشتوكاڵى خۆیانى پێ رایی ده‌كه‌ن.

هیوا عه‌لى، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاوى هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ى جیاوازى نێوان پۆند و به‌نداو ئه‌وه‌ى بۆ +964 روونكرده‌وه‌ كه‌ پۆند وه‌كو به‌نداو ستراتیژى نیه‌و تواناى گلدانه‌وه‌ى رێژه‌یه‌كی زۆر ئاوىشی نیە، به‌ڵكو “ده‌كرێ له‌هه‌ڵكه‌وته‌ى به‌شێكی زه‌وى، ناو كه‌ندو چاڵاییه‌كان دروست بكرێت بۆ به‌زیندوو هێشتنه‌وه‌ى ئاوى ژێرزه‌وى و بۆ مه‌به‌ستى ئاودێری به‌كار بهێنرێت”.

هه‌نگاوى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ بۆ دروستكردنى پۆند، بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وه‌رزێڕ و جوتیاره‌كان بتوانن له‌سه‌ر سنوورێكی دیاریكراوى زه‌وى سوود له‌و پۆنده‌ وه‌ربگرن بۆ مه‌به‌ستى ئاودان و رۆچوونى ئه‌و ئاوه‌ بۆ ژێر زه‌وى.

+964 دەزانێت، بەهۆی کەمی تێچوو، لەهه‌ندێک گوندو دێهاته‌كان جوتیاران خۆیان ئه‌و پۆندانه‌ دروست ده‌كه‌ن.

هیوا عەلی وتیشی “تا ئێستاش وه‌زاره‌ته‌كه‌مان له‌و كابینه‌یه‌دا ٤١ پۆندی له‌ ناوچه‌ى جیاجیاى هه‌رێمی كوردستان دروستكردووه‌، له‌ته‌واوى كابینه‌كانى حكومه‌تیش تا ئێستا توانراوه‌ ١١٨ پۆند له‌ هه‌رێمی كوردستان دروست بكرێت” .

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ڕایگەیاند، ئه‌و ١١٨ پۆنده‌ لەسەر رووبەری ٤٧٩ هەزار و ٣٦٤ دۆنم دروستکراون، کە توانای گڵدانەوەى ٢٢ ملیۆن و ٦١٣ هەزار و ٢١٥ مەتر سێجا ئاویان هەیە، تێچوونی دروستکردنیان گەیشتووەتە ٢٨ ملیار و ٧٨٨ ملیۆن و ٣٧٦ هەزار و ٢٧٨ دینار.

بە پێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەرچاوەکانی ئاوى هه‌رێمیش، پێشنیاری دروستکردنی چەندین پۆندی دیکەش خراوەتەڕوو، کە ئەنجومەنى وەزیران بڕیارى لەسەر دروستکردنى زۆرێکیان دەرکردووە و رێنمایی تایبەتیشى بۆ دروستکردنى دەیان پۆند دەرکردووە بە هاوبەشى لەگەڵ هاوڵاتییان.