لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوو دەرێتە پەرلەمان

لیژنەی دادی پەرلەمانی توركیا پڕۆژەیاسای “پڕۆسەی ئاشتی” پەسەند كرد

فەرهاد حەسەن

لیژنەی دادی پەرلەمانی توركیا پڕۆژەیاسای چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتی پەسەند كرد و بڕیارە لە 48 کاتژمێری داهاتوودا پڕۆژەیاساکە پێشکەشی پەرلەمانی تورکیا بکرێت.

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ شەممە پڕۆژەیاسای “بەهێزکردنی هاوپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی” کە بە پڕۆژەیاسای چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتی ناسراوە، لە لایەن لیژنەی دادی پەرلەمانی تورکیاوە پەسەند کراوە و بڕیارە لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا بخرێتە ناو بەرنامەی کاری پەرلەمانی تورکیا ، دەنگی لەسەر بدرێت.

ئێوارەی دوێنێ هەینی پڕۆژەیاساکە گەیشتبووە لیژنەی دادی پەرلەمانی تورکیا و دوای تەنیا 18 کاتژمێر پەسەندیان.

ئیدریس شاهین، ئەندامی لیژنەکە رایگەیاندووە، تاکە ناونیشان بۆ چارەسەرکردنی پرسی پەکەکە، پەرلەمانی تورکیایە و لەگەڵ ئەوەشدا تاوەکو ئێستا هەنگاوی دڵنیاکەرەوە نەنراوە.

مێرال دانش بێشتاش، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، پڕۆژەیاساکە دەرفەتی ئاشتی هەمیشەیی دەرەخسێنێت و جەختیش لەوەدەکاتەوە کە هەندێک کەموکوڕی هەیە، بەڵام هەوڵدەدەن لە عەقلیەتێکی هاوبەش کۆببنەوە.

رۆژی چوارشەممە، 5.8.2026، دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ فراکسیۆنەکان، دەقی پڕۆژەیاسای تایبەت بە قۆناخی نوێی چارەسەری و چەکداماڵینی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بڵاوکرایەوە.

پڕۆژەیاساکە لە 12 ماددە پێکدێت و ئامانجی سەرەکیشی پشتڕاستکردنەوەی کۆتاییهاتنی بوونی چەکداریی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) و رادەستکردنی تەواوی چەک و تەقەمەنییەکانە.

بەپێی ناوەڕۆکی پڕۆژەیاساکە، دیاریکردنی کۆتاییهاتنی کردەیی و چەکداماڵینی رێکخراوەکە لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە دەستنیشان دەکرێت و ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیش پشتڕاستی دەکاتەوە.

یاساکە ئەو کەسانە دەگرێتەوە تۆمەتبارن بە دامەزراندن، سەرکردایەتیکردن، ئەندامبوون و پڕوپاگەندەکردن بۆ پەکەکە و کەجەکە، لەگەڵ ئەو دۆسیانەی پەیوەستن بە دابینکردنی سەرچاوەی دارایی، بەڵام ئەوانەی تێوەگلاون لە تاوانی کوشتنی بەئەنقەست، یان پێش رێکەوتی 1.8.2025 سزای زیندانیی هەتاهەتایی یان زیندانیی قورسی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپاوە، لە یاساکە بێبەش دەبن.

هەر لە پڕۆژەیاساکەدا میکانیزمێکی نوێ بۆ دواخستنی لێکۆڵینەوە، دادگاییکردن و سزاکان داڕێژراوە، بە جۆرێک بۆ ئەو تاوان و سزایانەی لە 15 ساڵ کەمترن ماوەی پێنج ساڵ، بۆ ئەوانەشی لە 15 ساڵ زیاترن یاخود زیندانیی هەتاهەتایین ماوەی 10 ساڵ پرۆسەی دادگاییکردن و جێبەجێکردنی سزاکانیان دوادەخرێت. ئەگەر لەو ماوەیەشدا ئەو کەسانە هیچ تاوانێکی نوێ ئەنجام نەدەن، دۆسیەکانیان دادەخرێت و سزاکانیان بە جێبەجێکراو هەژمار دەکرێت.

هاوکات لە پەرلەمانی تورکیاش لیژنەیەکی 17 کەسی بۆ چاودێریکردنی پرۆسەکە دروست دەکرێت، پێویستیشە ئەو کەسانەی دەیانەوێت لە یاساکە سوودمەند بن، لە ماوەی شەش مانگدا دوای بڵاوبوونەوەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە رۆژنامەی فەرمی، داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن.

دەستپێکی ئەم قۆناخە نوێیە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی تشرینی یەکەمی 2024، کاتێک دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەستپێشخەرییەکی بۆ چارەسەری پرسی کورد و چەکداماڵینی پەکەکە راگەیاند.