نهێنی بازنە شین و سورەکە چییە؟

هاتوچۆی کۆیە دوو تابلۆی هاتوچۆ بۆ شۆفێران رووندەکاتەوە

فەرهاد حەسەن

هاتوچۆی کۆیە روونکردنەوەیەکی لەبارەی دوو تابلۆی هاتوچۆ بۆ شۆفێرانی سنوورەکەی بڵاوکردووەتەوە و نهێنییەکانی ئەو دوو بازنەیەیان بۆ ئاشکرا دەکات کە یەکێکیان بە رەنگی سوور و ئەوەی دیکەشیان بە رەنگی شین نەخشێێندراون.

بەڕێوەبەرایەتى هاتووچۆى کۆیە دەڵێت، ئەو دوو هێمایەی باسیدەکات 90٪ی شۆفێران ماناکەی بە هەڵە دەزانن، کە جیاوازییەکی زۆر گەورە و یاساییش لە نێوان هێمای خێرایی “سوور” و “شین”دا هەیە.

ئاماژەی بەوەکردووە، کە هێمای بازنەی سوور کە ژمارە 80 ی تێدا نووسراوە، ماناکەیئەوەیە کە ئەمە هێمای “قەدەغەکردنە”، واتە بۆت نییە لە 80 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا خێراتر بڕۆیت. ئەمە بۆ رێگریکردنە لە تیژڕەوی.

دووەمیشیان، هێمای بازنەی شین کە ژمارە 60ی تێدا نووسراوە، واتە بە هیچ شێوەیەک بۆت نییە لە 60 خاوتر لێبخوڕیت، بەڵام دەڵێت، لێرەدا کێشەکە دروست دەبێت، کە زۆربەی شۆفێران وا دەزانن بازنە شینەکە تەنیا “پێشنیارێکە” بۆ خێرایی، بەڵام لە راستیدا هێمای “ناچارکردنە”.

باس لەوەدەکات، کە ئەگەر شۆفێر لەسەر شەقامێکدا بازنەیەکی شینی بینی، بۆچی لێخوڕین خاو مەترسیدارە دەبێت؟، زۆرجار ئەم هێما شینە لەسەر هێڵی چەپی شەقامە خێراکان دادەنرێت، شۆفێری خاو لەسەر هێڵی خێرا، یەکێکە لە گەورەترین هۆکارەکانی پێکدادانی زنجیرەیی و تێکدانی سووڕی هاتوچۆ، چونکە ئەو شۆفێرانەی لە دواوە بە خێراییەکی یاسایی دێن، لەپڕ تووشی شۆک دەبن کاتێک ئۆتۆمبێلێکی زۆر خاو لە پێشیانەوەیە.

هاتوچۆی کۆیە رێنمایی ئەوەیە،  کە ئەگەر شۆفێر حەز بە شۆفێری خێرا ناکەیت یاخود بە دوای ناونیشانێکدا دەگەڕێت، هەمیشە هێڵی راستی شەقامەکە بەکاربهێنێت، بۆ ئەوەی خۆی و کەسانی تریش سەلامەت بن.