سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان: رای ئێمە مەرکەزییە و دەبێت جێبەجێ بکرێت
964+
ئەحمەد مستەفا
یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، سبەینێ چوارشەممە هەڵوێستی فەرمی خۆی لە بارەی بایکۆت یان دەستپێکردن بە دەوام ئاشکرا دەکات، بە گوێرەی ساڵنامە سبەی یەکەم رۆژی ساڵی نوێی خوێندنە لە هەرێمی کوردستان.
بەڵام، بۆ قوتابیان جێگەی گومان و بۆ بەشێک لە مامۆستایانیش، بایکۆت بووە بە هەڵوێستی یەکەم رۆژیان، یەکێتیی مامۆستایان سبەینێ چوارشەممە دەیەوێت بە بەیاننامەیەک هەڵوێستی فەرمی خۆی “مەرکەزییەن” ئاشکرا بکات.
ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 12.9.2023 بە 964ی وت، “سبەینێ بەیاننامەیەکی مەرکەزیمان دەبێت و بە رای گشتیی خەڵکی کوردستانی رادەگەیەنین، کە هەڵوێستی یەکێتییەکە چی دەبێت”، ئەو ئامادە نەبوو پیشووەخت ئاشکرای بکات بڕیاریان چییە.
لقی سلێمانیی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، لە بەیانێکدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ بڵاویکردەوە وتی، “دابەشکردنی موچە دەبێتە دەسپێکی دەوامکردن”، لەسەر ئەو بڵاوکراوەیە، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان وتی، “ئەوە رای لقی سلێمانی خۆیەتی، بەڵکو هەڵوێستی سکرتاریەتی یەکێتیی مامۆستایان مەرکەزییە و دەبێت جێبەجێ بکرێت”.
مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم، موچەی مانگەکانی (7و8)یان وەرنەگرتووە، گێڕانهوهی موچه دواكهوتوهكان و پێدانی موچهی 30 رۆژ جارێک و مانگانە لە کاتی خۆیدا، داواكارى سهرهكییانە.