هەواڵ
ئەو کەسەی 80 سەرمەڕی بردبوو دەستگیرکرا
964+
شۆڕش هەرکی – هەولێر
دوای سێ رۆژ لە دیارنەمانی 80 سەرمەڕ لە کۆمەڵگای شاخۆلانی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە کەسێک بە تۆمەتی دزینی مەڕەکان لە ناحیەی رۆڤیای قەزای بەردەڕەش دەستگیر کرا.
خدر ساڵح خاوەنی ئەو سەرمەڕانە بە 964ـی وت، بەیانی رۆژی هەینیی رابردوو، کە خەبەریان بووەتەوە بۆیان دەرکەوتووە 80 سەرمەڕیان بردراوە و لەگەڵ خزم و کەسوکاریاندا کەوتوونەتە سۆراغکردنی.
وتیشی، ئەمڕۆ دووشەممە، لە ناحیەی رۆڤیا بە هاوکاری هێزە ئەمنییەکان توانیویانە ئەو کەسە بدۆزنەوە، کە مەڕەکانی بردووە و زیاتر لە 60 سەرمەڕی فرۆشراوە لە پارێزگای موسل، تەنیا چەند ژمارەیەکی کەمی ماوە.
ئەمە لە کاتێکدایە لە رووداوێکی هاوشێوەدا لە 4.6.2023 لە گوندی شەوۆکی کۆمەڵگهی مەلائۆمەری پارێزگای هەولێر زیاتر لە 150 سەرمەڕی کەسێک دزرا.
پێداچوونەوە: توانا نەقی