"تەنیا بۆ دەربەندیخانییەکانە"

رێکاری توند بەرامبەر فێڵکردن لە نۆرەی بەنزین دەگیرێتەبەر

ژێوار خدر

پاش ئەوەی سیستەمی “تاک و جووت” نەیتوانی قەرەباڵغیی نۆرەی بەنزین لە دەربەندیخان کەم بکاتەوە، قایمقامی قەزاکە راستەوخۆ سەرپەرشتیی دابەشکردنەکەی گرتە ئەستۆ و دەڵێت، بەنزینی پاڵپشتیکراو تەنیا مافی شۆفێرانی دەربەندیخانە و رێگە بە هیچ سەرپێچییەک نادەن.

قایمقامی دەربەندیخان رایگەیاند، بە هاوکاری هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش چاودێریی وردی بەنزینخانەکان کرا و تێبینی ئەوە کرا کە هەندێک شۆفێر چەند جارێک نۆرە دەگرنەوە و بەنزین وەردەگرن، ئەمەش بووەتە هۆی درێژبوونی ریزەکان. هەر بۆیە قایمقام فەرمانی دا دەست بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانەدا بگیرێت کە فێڵ لە نۆرەدا دەکەن و جەختی کردەوە کە رێگە نادەن هیچ شۆفێرێک بەشی یەکێکی دیکە ببات.

ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەم بەنزینە تەنیا بۆ شۆفێرانی ناو سنووری قەزاکەیە و ئەو شۆفێرانەی لە دەرەوەی دەربەندیخانەوە دێن، مافی وەرگرتنیان نییە و دەبێت لە سنووری خۆیان سوود لە بەنزینی پاڵپشتیکراو ببینن، بەڵێنی دا کە لە نزیکترین کاتدا چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ گرفتی قەرەباڵغی نۆرەکان دەدۆزنەوە.