یەکێک لە زۆنگاوەکانی عێراق بەتەواوی کاریگەری گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوای لەسەر دەردەکەوێت. وێنە:سۆشیال میدیا.
لە بودجەی عێراق هیچ بڕە پارەیەک بۆ زیانی ژینگەیی دانراوە؟
964+
فەهمی نەبی
سەرۆکی رێکخراوێکی ژینگەیی دەڵێت، لە بودجەی عێراق هیچ بڕە پارەیەکی ئەوتۆ بۆ ئەو زیانە ژینگەیانەی بەر عێراق کەوتووە تەرخان نەکراوە، لە کاتێکدا شەشەم ساڵە عێراق لەریزبەندی پێنجەمی ئەو وڵاتانەیە زۆرترین زیان بەر ژینگەکەی کەوتووە.
مەعروف مەجید، سەرۆکی رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، “قسەم لەگەڵ هەموو ئەندامە کوردەکانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کردووە و تەواوی یاسای بودجەم خوێندەوە، هیچ بڕە پاریەک بۆ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوای عێراق تەرخاننەکراوە”.
964 پەیوەندیکرد بە د.نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وتی، “ئەوەی لە بودجەی عێراق سەبارەت بە ژینگە هەیە، تەنیا 30 ملیۆن دۆلار وەک قەرز بۆ وەزارەتی ژینگەی عێراق تەرخانکراوە بۆ هەڵگرتنەوەی مین، هیچ بڕێکی دیکە بۆ زیانە ژینگەیەکان تەرخاننەکراوە”.
بەوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران، لە بودجە ئەو بڕگەیەش هەیە، “لە خەرجکردنی پارەی پتڕۆ دۆلار لە پشکی پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت یان گاز، پێویستە رەچاوی ئەو ناوچانە بکرێت کە دووچاری زیانی ژینگەیی بوونەتەوە”.
بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان لەساڵی 2017 -ەوە عێراق لەریزبەندی پێنجەم وڵاتە کە لەرووی ژینگەوە زیانی بەرکەوتووە، لەکاتێکا ئەو کاتە میسر لە پلەی دووەم بووە، کەچی ئەمساڵ میسر چووەتە ریزبەندی 39، بەڵام عێراق هەر لە پلەی پێنجەمە.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی وەزارەتی ژینگەی عێراق ئەمساڵ بڵاویکردووەتەوە، لە عێراق ساڵانە 100 دۆنم زەوی دەبێت بە بیابان.
دوای چەندین دانیشتن شەوی 10.6.2023 پەرلەمانی عێراق کۆتایی هێنا بەدانیشتنەکانی لەبارەی پەسەندکردنی بودجە و بەمەش بودجە بۆ سێ ساڵ پەسەندکرد.