بۆ یه‌كه‌مجار کۆرسی زمانی کوردی لە زانکۆی هارڤارد کرایەوە

964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن

مامۆستایه‌كى كورد له‌ ئه‌مریكا ده‌ڵێت، بۆ یه‌كه‌مجار توانیویانه‌ كۆرسی زمانى كوردى، لە زانکۆی هارڤاردى ئه‌و وڵاته‌ بكه‌نه‌وه‌، ده‌شڵێت شێوه‌زارى كوردییه‌كه‌ سۆرانییه‌ و تایبه‌تمه‌ندیشه‌ بۆ خوێندکارانی بەشی دکتۆرا .

د. ئەحمەد محەمەد پوور، خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، لە زانکۆی هارڤاردی ئەمریکی وانەی کۆمەڵناسی و مرۆڤناسی دەڵێتەوە، له‌ په‌ڕه‌ى فه‌یسبووكه‌كه‌یدا نووسیویه‌تى، ئەم کۆرسە بۆ یەکەمجار لەو سێمستەرە له‌ زانكۆی هارڤارد بۆ چەند خوێندکارێك كراوه‌ته‌وه‌ و خۆیشی وه‌ك مامۆستا دەست به‌ وانه‌وتنه‌وه‌ى ده‌كات.

وتیشی “جێگەی خۆشحاڵیە زانکۆی هارڤارد بۆ یەکەمجار کۆرسی زمانی کوردی بۆ خوێندکارانی دکتۆرا پێشکەش دەکات، کە حەز دەکەن لەگەڵ زمانی کوردی ئاشنا بن”.

ئه‌و مامۆستا كورده‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كردووە، چەند کەسایەتییەکی بواری زمانناسی لەم هەوڵەدا هاوکاری بوونه‌، لەوانەش د. حەیدەر خزری و د. محەمەد ساڵح و د. هاشم ئەحمەدزادە، ده‌شڵێت “بۆ سەرچاوەی سەرەکیی ئەو کۆرسەش، کتێبێكی د. حەیدەر خزری هەڵبژاردووە بۆ خوێندکارەکانی”.

د. ئەحمەد محەمەد پوور، ساڵى 2006 دکتۆرای کۆمەڵناسیی لە بواری گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان لە زانکۆی شیراز نووسیوە و تا ساڵى 2012 مامۆستای کۆمەڵناسی و میتۆدناسی زانکۆی بوعەلی سینای هەمەدان بووە، لە ساڵانى 2012 تا 2014 مامۆستای بەشی فەلسەفەی زانکۆی سەڵاحەدین بووە.

هارڤارد یەکێکە لە ناودارترین زانکۆکانی ئەمریکا و جیهان و لە ساڵی 1636 دامەزراوە و دەکەوێتە شاری کامبریچ لە ویلایەتی ماساچوستیس.