خۆیی و مەکینەی دروومانەکەی نیو سەدەیە کاردەکەن

964+

ئاودێر عومەر – سلێمانی

نیو سەدەیە لەگەڵ مەکینەی دروومانەکەیدا قوماش دەدورن بۆ هاوڵاتیان، عەلی حەمە ئەمین، تەمەنی 66 ساڵە، هەر لەتەمەنی یەک ساڵیەوە لەگەڕەکی خەبات نیشتەجێیە، دەڵێت گەڕەکی خەبات سەردەمی کۆن بەقەرەجاوا ناسراو بوو لەسلێمانی.  

لەتەمەنی 14 ساڵییەوە بووە بە شاگردی بەرگدروور لەلای وەستایەک بەناوی وەستا کەمال، لەجادەی مەولەوی لەسلێمانی، دواتر چووە بۆ سەربازی و دوای تەواو بوونی سەربازی دوکانێکی بەرگدروی داناوە.

وەستا عەلی دەڵێت؛ بەرگدروەکانی جادەی مەولەوی زیاتر چاکەت و پانتۆڵ یان دووریوە، بەڵام خەیاتەکانی ناوبازاڕ جلی مرادخانی و شاڵیان ئەدووری، چاکەت و پانتۆڵێکمان بە 6 دینار ئەدووری زۆرجار بەقیست بۆ خەڵکمان دووریوە مانگی بەدینارێک.

وەستا عەلی، بۆ 964+ زیاتر دەدوێت و دەڵێت؛ ئەوکاتە ئیش زۆر بوو بەتایبەت بۆ جەژنان، مانگی ڕەمەزان هەتا پارشێو ئیشیان کردووە بۆئەوەی کارەکانیان تەواو بکەن، دەشلێت شێوازی دورینی جلوبەرگەکانی ئەوکاتە جیاواز بوون، زیاتر شێوازی شارستۆنیان ئەدووری چونکە مۆدێلی ئەوەبوو.

علی حەمە ئەمین، سەبارەت بە هاوڕێیەتی خۆی و مەکینەکەی دەڵێت؛ لەساڵی 1991 وە ئیش بەم مەکینەیە دەکەم، دروستکراوی ڕوسیایە، بە 60 یان 70 دینار کڕیم بەکۆنی، پێش منیش نزیکەی 30 ساڵ زیاتر کاری کردووە.

لەسەرباشرتین قوماشەکانی ئەوکاتە وتی؛ لەوسەردەمەدا قوماشی ڕۆمانی باشترین بوو، بەڵام دواتر قوماشێکی عێراقی بەناوی فەتاح پاشا بەردەست بوو وەک ڕۆمانیەکە باش بوو، مەترێک قوماش بە 3 دیناربوو ئەوکاتە کوتاڵ فرۆشەکانیش بەقیست ئەیان فرۆشت بە خەڵک.

وتیشی، ئێستا بەرگدروەکان زیاتر کاری چاک کردن ئەکەن، زۆرینەی بەرگدروەکان پیشەکەیان گۆڕیووە بەهۆی نەبونی ئیشەوە.