رێککەوتنیان واژۆ کرد

زانکۆکانی پۆلیتەکنیکی هەولێر و وارشۆ ئاڵوگۆڕی قوتابیان و ستافی ئەکادیمی دەکەن

فەرهاد حەسەن

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەڵێت، لەگەڵ زانکۆی وارشۆی وڵاتی پۆڵەندا رێکەوتنێکیان کردووە بۆ ئەوەی بتوانن ئاڵوگۆڕی بە قوتابیان و ستافی ئەکادیمی یەکتری بکەن، کە ئەمەش لە چوارچێوەی بەهێزکردنی پەیوەندییە ئەکادیمییەکانیانە.

بەپێی راگەیەندراوێک، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لەگەڵ شاندی باڵای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەردانی وڵاتی پۆڵۆنیایان کرد، کۆبوونەوەیەکی گرنگیان لەگەڵ بەرپرسانی زانکۆی وارشۆ بۆ زانستە ژیانییەکان (SGGW)  ئەنجامدا و چەند پرسێکی گرنگی ئەکادیمی و زانستی لەنێوان هەردوو زانکۆ تاوتوێ کران ئەم رێکەوتنەی لێکەوتەوە.

رێکەوتنەکەیان بۆ فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی قوتابییانە، جگە لە پڕۆگرامی Erasmus+  کە لە دەرەوەی ئەم پڕۆگرامەشدا دەرفەت بۆ قوتابیانی زانکۆ بڕەخسێنرێت بۆ خوێندن لە زانکۆی وارشۆ.

لەنێوان هەردوولادا پڕۆگرامی بڕوانامەی هاوبەش (Double Degree) گفتوگۆی چڕی لەبارەوە کرا و جەخت لەسەر کارکردن بۆ پڕۆگرامی بڕوانامەی هاوبەش کرا، بە تایبەتی لە بواری ئەندازیاری شارستانیدا.

هەروەها تاوتوێی دابینکردنی زەمالەی خوێندنی ماستەر بۆ قوتابیان کرا، لەگەڵ رەخساندنی دەرفەتی زەمالەی توێژینەوە (Fellowship) بۆ مامۆستایان تاوەکو بتوانن وەک سەردانی زانستی بچنە ئەو زانکۆیە.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر زیاتر لە سێ ساڵە پەیوەندییەکی بەهێزی ئەکادیمی لەگەڵ ئەم زانکۆیەی پۆڵەندا هەیە، بە تایبەتی لەبواری ئاڵۆگۆڕی قوتابییان لە چوارچێوەی پڕۆگرامی (KA171)ی Erasmus+، لەم چوارچێوەیەشدا، بۆ ئەمساڵی خوێندن دوو قوتابی کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری رەوانەی ئەو زانکۆیە کران و سمستەرێکی خوێندنیان لەو زانکۆیە بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە.